زیندانییەکی مانگرتوو: هەتا گۆشەگیری هەڵدەگیرێت، چالاکییەکەمان بەردەوام دەبێت

زیندانی مانگرتوو ئەدهەم گۆکتورک کە لە زیندانی یۆزگات تیپی(ت) ژمارە ٢ ڕاگیراوە، ڕایگەیاند، کە چالاکییەکەیان بە ئیرادەوە بەردەوام دەبێت و داوای هەستیاری کرد.

زیندانیانی سیاسی لە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ٢٧ی تشرینی دووەم دەستیان بە مانگرتن لە خواردنی نۆرەیی کردووە، چالاکییەکەیان لە ڕۆژی ٣٥ــەمیندا بەردەوامە. یەکێک لەو  زیندانییانە بەناوی ئەدهەم گۆکتورک کە لە زیندانی یۆزگات ڕاگیراوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە چالاکییەکە کردووە.

گۆکتورک داواکاریی زیندانیانی بیرخستەوە و ڕایگەیاند، چالاکییەکەیان بە ئیرادەوە بەردەوام دەبێت. گۆکتورک لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"هەتا گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵنەگیرێت، چالاکییەکەمان بەردەوام دەبێت.. گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان لە بنەڕەتدا گۆشەگیرکردنی هەموو ئێمەی زیندانییان و گەلە. داوای یەکگرتنی گەلەکەمان دەکەین".