ئاڵکان: ئێمە لە دوای ساتی روودانی کودەتای ١٢ی ئەیلولەوەین

گانی ئاڵکان سەرۆکی دەستپێشخەریی جەماوەری ٧٨ لە ئامەد لەبارەی کودەتای ١٢ی ئەیلولەوە وتی "جیاوازیی ئەو رۆژە و ئەمڕۆ تەنها ئاکتۆرەکانن. لەو رۆژەدا جلی خاکییان لەبەردا بوو و ئەمڕۆ جلی مەدەنییان لەبەردایە. ئێمە ئێستا لە ساتی دوای کودەتاکەى ١٢ی ئەیلولەوەین.

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی سەردەمی کودەتای سەربازیی ١٢ی ئەیلوی ١٩٨٠ لە تورکیا گانی ئاڵکانە، کە ئێستا سەرۆکی لقی رێکخراوی دەستپێشخەریی جەماوەری ٧٨ لە ئامەد و لەبارەى ئەو سەردەمەوە وتی، لە ١٢ی ئەیلول دا فاشیزم بە دامەزراوەیی کرا و لەبارەی هۆکاری کودەتاکەشەوە وتی "گرنگترین هۆکار ئەوە بوو، کە لە مێژوودا کوردان بۆ یەکەمجار ئاشنا بوون بە شێوازێکى نوێ بە شێوەی هاوچەرخ خۆیان رێکخستن کرد و بەو هۆیەوە تێکۆشانی ئازادیی کورد گەشەى دەسەند، بۆ ئەوەى رێگری لەو گەشەسەندنە بکەن کودەتای سەربازییان ئەنجامدا.

بۆ ئەوەى ئەو شێوازە لە تێکۆشانی کورد سەرکوت بکەن کودەتاکەیان ئەنجامدا، بەڵام سەرکەوتو نەبوون. توانیان بەسەر چەپەکاندا باڵادەست بن، چونکە پێش کودەتاکە ئامادەکاریان نەبوو، هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە، ئەگەر کودەتا روویدا چی بکەن. بەڵام تێکۆشانی ئازادیی کورد توانیی هەموو جومگە و گۆڕەپان و ئاستەکان وەرسوڕێنێت بۆ گۆڕەپانی بەرخودان. بۆ نمونە کادێرانی پێشەنگ و سەرەکیی لە قاوش و هۆلی ژمارە ٥ی زیندانی ئامەد درێژەیان بە بەرخودانەکەیان دا و کاریگەریشیان لەسەر دەرەوە دروستکرد".

ئاڵکان سەرنجی خستەسەر تێکۆشانی ئازادیی کورد و وتی، بەرخودانی ١٩٨٣ لە قاوشی ژمارە ٥ دا لە هەموو شوێنێکدا رەنگی داوەتەوە و وتی "ئەو سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردنەی ئێستا، کە بەرامبەر بە کورد بەڕێوەدەچێت لەو کاتەشدا خواستیان بە کودەتا بەسەر کوردیدا بسەپێنن. ئەو هەنگاوانەى فاشیزم لەو کاتەدا کە بەرامبەر بە کورد گیرانەبەر و کوردی پێ لەناودەبرا، یان تەریک دەکرا بووە هۆی ئەوە کورد خۆی یەکبخات و یەکبگرن. بێگومان ئەوە بەهۆی کادێرانی پێشەنگ و سەرەکییەوە بەدیهات، چونکە چالاکیی فیدایی کادێرانی پێشەنگ لە ناو گەلدا وەڵامی خۆی وەرگرتەوە. چالاکییەکانی ئەو کادێرە پێشەنگانە بووە هۆی ئەوە، کە گەل بڕوا بکات و بڕوای بۆ دروست ببێت. فکر و بیری ئەوە دروست بوو، کە دەکرێت لە هەموو هەلومەرجێکدا سەرکەوتن بەدەست بێت".

ئاڵکان دۆخی ئێستا و ١٢ی ئەیلولی بەراورد کرد و لەوبارەیەوە وتی، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە، تەنها ئاکتۆرەکان گۆڕدراون، جلوبەرگی ئەو سەردەمەی ئاکتۆرەکان خاکی بوو و ئێستا جلوبەرگەکانیان بووەتە جلی مەدەنی.

ئاڵکان وتیشی، لەو سەردەمەدا ئەو کەسانەى تێکۆشانی نهێنی و نایاساییان دەکرد دەستگیر دەکران، بەڵام ئێستا ئەوانەش دەستگیر دەکرێن، کە تێکۆشانی یاسایی دەکەن. ئەو سیستمەى ئێستا رێک وەک سیستمی ساتی دواى کودەتاکەى ١٢ی ئەیلولە و بەردەوامیدانە بەو سیستمە.

ئاڵکان لە کۆتایدا ئەوەشی وت، تورکیا کێشەى دیموکراسیی هەیە و هۆکاری ئەوەش بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەى کورد دەگەڕێتەوە. ئەگەر کێشەى کورد چارەسەر بکرێت ئەو کاتە تورکیا دیموکراتیزە دەبێت و دیموکراسی تیادا دەچەسپێت.

ژ.ت