بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپه‌ڕ، پارتی دیموكراتی گه‌لان - هەدەپە لە زۆر شوێنی جیاواز، کەسایەتیی جیاوازی كاندید كردن. یەکێک لەو كاندیدانه‌ش ئایینناس پرۆفیسۆر د. نوورەدین توورگاییه. تورگای لە ساڵی ١٩٥٢ لە ناوچەی قۆسەری سەر بە مێردین له‌دایكبووه. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نستیتۆی باڵای ئیسلامی لە ئیزمیر ته‌واو كردووه، ئه‌نستیتۆی زانایانی کۆمەڵایەتیی لە زانکۆی سەلچووکی كۆنیا-شی ته‌واو كردووه. کاتێک کە توورگای لە زانکۆی دیجلە مامۆستای بەشی تەفسیر بوو، خانەنشین کرا. ناوبراو ئێستا ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامیی دیموکراتییه. توورگای ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یران بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات - ANF دوا.
«له لای هه‌ده‌په هه‌موو كه‌س یه‌كسانه»
توورگای دەستنیشانی کرد کە لە لای هەدەپە هەموو کەس یه‌كسانه، لەبەرئەوە ئه‌ویش ویستویەتی ببێتە پارچەیەک لەم فەلسەفەیەی ژیان.
«بەگوێرەی باوەڕی من و ئه‌وه‌نده‌ی کە من لە قورئانی پیرۆز تێگەیشتووم، خودای تەواوی مرۆڤەکان، خودای مەزن و خودای رەبولعالەمین، جیاوازی ناخاتە نێوان مرۆڤەکان. لەو ڕۆژه‌وه‌ی کە من هاتوومەتە دنیاوە تا ئێستا، حکوومەتێک لە تورکیا نەهاتۆتە سەر حووکم کە وەک یەک و بە یەک چاو سەیری مرۆڤەکان بکات. هەمیشە جیاوازییان خستۆتە نێوان مرۆڤەکانەوە. جیاوازییان خستۆته نێو هەموو ئایین و باوەڕییەكان. لە لایەکی دیكه‌وه جیاوازییان خستۆتە نێو کورد و تورکەوە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا بەهۆی ئەوەی من کوردم، هەمیشە پەراوێزخراوم. هیچ جارێک بە چاوی هاوڕێیه‌تی و برایەتییەوە لە منیان نەنواڕیوە. تەنانەت لەکاتێکدا کە کاریشم دەکرد، هەمیشە ئەو مامەڵەیەم بەو شێوەیە دەبینی. لەبەرئەوەی کە هەموو به‌شه‌كانی کۆمەڵگە له‌نێو هەدەپەدا هه‌ن و وەک یەک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هەموو مرۆڤەکان دەکه‌ن، منیش لێرەم و دەمەوێت ببمە بەشێک لەم ڕەنگی ژیانە. هەروەک چۆن قورئانی پیرۆز جیاوازی ناخاتە نێو مرۆڤەکان، هەدەپەش بە هەمان شێوە مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤەکان ده‌كات. منیش وەک باوەڕدارێک له‌نێو هەدەپەدام.»
«ڕوو له باخچه‌ی ئازادی بكه‌ن»
تورگای جەختی لەوە كرده‌وه کە ڕێگه‌ی ئارامی و خۆشی له‌نێو هەدەپەدایە و گوتی: چۆن خودای مەزن فەرمان دەکات کە هەموو مرۆڤەکان له‌نێو ئارامیی و ئاشتیدا بژین، هەدەپەش لەسەر ڕێگه‌ی ڕاست و دادپەروەرییە. هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان پارته‌كانی دیكه‌دا، بۆ نموونه هاوپەیمانه‌تیی ئاکەپە - مەهەپە كه هیچ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نییه. ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تییه ڕاسته‌وخۆ له دژی كوردانه. لە مێژوودا تا ئێستا هەمیشە کوردان دەکوژرێن و کۆمەڵکوژ دەکرێن.
«کەسانێک کە دەنگی خۆیان دەدەنه ئاکەپە، لە هەمان کاتدا دەنگی خۆیان دەدەنه زیهنیه‌تی فاشیستی مەهەپە. لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریدا باخچەلی ده‌یگوت: [له کوردستان بەرد لەسەر بەرد ناهێڵین، سه‌ر له‌سه‌ر جه‌سته ناهێڵین». پێویسته هەموو گەلانی تورکیا و کوردستان ڕووی خۆیان لەو زیهنیه‌ته بکوژ و فاشیستە وەرگەڕێنن و ڕوو له باخچەی ئازادی بكه‌ن.»
«ئاکەپە ئایین بەکاردێنێت»
ئه‌م كاندیده‌ی هه‌ده‌په دەربارەی هه‌ڵمه‌تی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئیزمیر، قسه‌ی كرد و گوتی: زیاتر لە ١٠ ڕۆژە لە ئیزمیرم. تامه‌زرۆیی هەڵبژاردن لە بەرزترین ئاستیدایە. هەموو کەس لە دەوری هەدەپە بووه‌ته زنجیر و له هه‌موو شوێنێك به جۆش و خرۆشه‌وه پێشوازیمان لێ ده‌كرێت.
«من بانگی هەموو باوەڕداران دەکەم کە ڕووی ڕاستی ئاکەپە ببینن و باوه‌ڕ به بیروڕای ئایینی ئه‌وان نه‌كه‌ن، چونکە ماوەی ١٦ ساڵە ئاکەپە ئایین وەک ئامرازێک به‌كاردێنێت. من باوەڕم به گەلی ئیزمیر هه‌یه کە وه‌ك پێشتر باوەڕ بە ئاکەپە ناكات و خاوەنداره‌تی لە ئیرادەی خۆی و باوەڕی خۆی ده‌كات. نزیكترین پارت له ڕەگەزەکانی قورئان كه من لێی تێگه‌یشتووم، هەدەپەیە. گرینگ نییە کە مرۆڤ ناوی ئیسلام بێنێت، بەڵکو گرینگ ئه‌وه‌یه کە مرۆڤ بەگوێرەی ئیسلام بژی.»
s.m