ئۆلوچ: دەبێت زیاتر چالاک بین

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا وتی، هەدەپە لە چوارچێوەی چاوەڕوانییەکانی گەلدا، زیاتر سیاسەتی چالاکی پەیوەندیدار بە قەیرانەکانی کۆمەڵگە و ئابووری بەڕێوەدەبات.

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دەسەڵات بە سیاسەتی شەڕ خۆی لەسەر پێ هێشتووەتەوە، بەڵام لە دژی ئەوە دەڵێین، ئاشتی، دانوستان و دیپلۆماسی.

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەبارەی بەنارمەى ٣ مانگیی تێکۆشانی دیموکراسیی هەدەپە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، لە ئەنجامی ئەو خەباتە ٣ مانگییە زۆر رازین و سەرکەوتنی گەورەی بە دەستهێناوە و لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی تورک (تەسەکە - TSK)، سەندیکاکان، رێکخراوە پێشەنگەکان و رێکخستنەکانی خۆیان و لە گەڵ گەلدا کۆبوونەتەوە. راشیگەیاند "ئومێد، چاوەڕوانی و حەماسەتی گەل کۆتایی پێنەهاتووە. سەرباری هەموو گوشارەکانیش لە پشت ئیرادە و ورەی سیاسیی خۆیانەوە وەستاون. بە بڕیار و پێداگرن و خاوەنداری لە داهاتوو دەکەن. گەلیش هەست بە هەلومەرجی ئەم دۆخە زۆردارییە دەکات و تێکۆشانی خۆیان بەو پێیە رێکخستووە".

'چاوەڕوانی لە هەدەپە هەیە'

ئۆلوچ رایگەیاند، چاوەڕوانیی گەل لە هەدەپە هەیە و وتی "داوا لە هەدەپە دەکەن زیاتر رێکخستنکراو، بە بڕیار و پێداگر بێت و ئەو سیاسەتانە بگرێتەبەر، کە ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئێمە گوێمان لە رەخنە و پێشنیازەکان گرت. ئێمە کەموکوڕی و لاوازییەکانی خۆمان بینی و بۆ تێپەڕاندنی ئەوەش ئێمە لیژنەى بەڕێوەبەری ناوەندی (مەیەکە - MYK)مان لە ناو هەدەپەدا دامەزراند و ئێمە بڕیاری ئەوە دەدەین، چۆن لە پێشەڕۆژدا درێژە بە کار و چالاکییەکانمان بدەین".

'دەسەڵات بە سیاسەتی شەڕ خۆی لەسەر پێ راگرتووە'

ئۆلوچ جاڕنامەى ئاشتی، کە هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ٣١ی ئابدا بڵاویانکردەوە بەبیرهێنایەوە و وتی "ئێمە بۆ هەموو بەش و جومگەکانی کۆمەڵگە لەبارەى بابەتەکانی چارەسەری دیموکراتیک، ئاشتی و چارەسەریی کێشەى کورد بۆچوونی خۆمان خستووەتەڕوو. نەک تەنها بۆچوونی خۆمان لەسەر کێشەى کورد لە تورکیا، بەڵکو لەبارەى ئەو شەڕە کە تورکیا لە عێراق و سوریا دەیکات و بە گشتی لە بەرامبەر سیاسەتی شەڕ لە دەریای سپی، ئەگە و لیبیا، باسی گرنگیی دیپلۆماسی و دانوستانمان کردووە. چونکە دەسەڵات خۆی بەو سیاسەتەى شەڕ لەسەر پێ راگرتووە و ئێمەش لە بەرامبەر ئەوەدا سیاسەتی، ئاشتی، دیپلۆماسی و دانوستان بەرەو پێش دەبەین".

سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانی ئابوورییەوە

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە باسی ئەوەیکرد، بێکاری و گرانی پەیوەندیی بەو قەیرانە ئابوورییەوە هەیە، کە لە هەموو شارەکاندا بووەتە کێشەیەکى سەرەکی، بۆیە دەبێت سیاسەتی هەدەپە لەوبارەیەوە روونتر و لە پێشتر بێت. ئۆلوچ ئەوەشی وت "پێشخستنی سیاسەتی چالاکتری هەدەپە بەرامبەر بە قەیرانەکانی کۆمەڵگە گرنگییەکى زۆر گەورەی هەیە. ئێمە ئەو وتەیەى سەرۆکی گشتیی ئاکەپە کە ئێستا سیفەتی سەرۆک کۆماری هەیە بە بیرهێنایەوە، کە وتبوی 'ئێوە دەزانن بەهای گولـلەیەک چەندە؟"، بۆیە دەبێت هەموو کەس بیر لەوە بکاتەوە، کاتێک هەر گولـلەیەک دەتەقێنرێت، هەر بۆمبێک دەهاوێژرێت، هەر هەستانی فڕۆکەیەکی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەمانای بە فیڕۆدانی رەنجی گەل و خەرجکردنی سامانی گشتی و لە ئەنجامیدا بێکارییە. هەدەپە لە بواری قەیرانەکانی کۆمەڵگە و ئابووریدا رۆڵی زۆر چالاکتر لەوەی ئێستا دەگێڕێت".  

'گۆشەگیری سیاسەتی ناچارەسەرییە'

ئۆلوچ ئەو وتەیەى ئۆجالانی بە بیرهێنایەوە، کە لە دوا چاوپێکەوتندا وتبویی 'هەفتەیەک کاتم بدەنێ' و بەو شێوەیە پێداگریی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیانە خستووەتەڕوو و وتی "گۆشەگیری بۆ رێگریکردنە لە ئیرادە و ورەی چارەسەریی بەڕێز ئۆجالان و بەردەوامیدانە بە سیاسەتی ناچارسەری".

ژ.ت