ئۆپڕاسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی بەردەوامن، ٥ کەس گیران و ٢ کەسیش دەستگیر کران

ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی لە تورکیا و باکوری کوردستان لە دژی سیاسەتمەدارانی کورد بەردەوەامە. لەم چوارچێوەیەدا لە ئاگری ٥ کەس گیران، لە موش و مێرسینیش ٢ کەس دەستگیر کران و لە ئێلحیش سزای زیندانی بەسەر رۆژنامەنووسێکدا سەپێنرا.

سەرلەبەیانی دوێنێ چوارشەممە لە ناوەند و ناوچەکانی بازید و دووتاخ و ئاڤکەڤر-ی سەر بە شاری ئاگری هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و ١١ ئەندام و بەڕێوەبەری پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپەیان دەستگیر کردبوو. ئەمرۆش دەستگیرکراوان نێردران بۆ وەرگرتنی وتەیان و دواتر بە تۆمەتی 'ئەندامێتی لە رێکخستن'، نێردران بۆ دادگا. ٥ لە بەڕیوەبەرانی هەدەپە سزای زیندانییان بەسەر دا سەپێنراو ئەوانی دیکەش بە کەفالەت ئازاد کران.

ناوی ئەو بەڕێوەبەرانەی هەدەپە کە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرا بەم شێوەیەیە:

کازم ئاسلان و جەلال کورکچو ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی هەدەپەی شاری ئاگری، فاروق سەڤکان بەڕێوەبەری هەدەپەی ناوچەی بازید، ئەلیف ئەسلان هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی ناوچەی ئاڤکەڤر و عیرفان ئاسلان ئەندامی ئەنجومەنی هەدەپەی ناوچەی دووتاخ.

موش

لە ناوچەی ملازگری شاری موش سەما تەکین ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی هەدەپەی ناوچەکە دەستگیر کرا. تا ئێستا لەبارەی دادگاییکردن و سزادانیی هیچ بڕیارێک نەدراوە.

ئێلح

دەنیز کلچ نوێنەری پێشووی رۆژنامەی ئازادی ولات کە پێشتر دەستگیر کرابوو، دانشتنی دادگاییکردنەکەی بەڕێوە چوو.

دادگا بە تۆمەتی ئەوەی 'پرۆپاگاندەی بۆ رێکخستن کردووە' ٣ ساڵ و مانگێک سزای زیندانی بەسەردا سەپاند و نێردرا بۆ گرتووخانە.

مێرسین

محمد فورات ئۆکسوز پەیامنێری ئاژانسی مەزۆپۆتامیا لە کاتێکدا بۆ لێپرسینەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگ کرابوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی مێرسین، لەوێ دەستگیر کرا.

ز.ش