ئێشکگرانى ئەم هەفتەیە بۆ "ئازادیى ئۆجالان" دەستەیەکن لە کاسڵ-ەوە

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و ئەم هەفتەیە چالاکییەکە لەلایەن دەستەیەک لە ئێشکگرانى شاری کاسڵ-ی ئەڵمانیاوە بەڕێوەدەچێت.

ئێشکگرییەکە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرێوەدەچێت و چالاکییەکە لە ٣٧٢هەمین هەفتەدایە. ئێشکگرانى ئەم هەفتەیە دەستەیەکى ٤ کەسین و لە شاری کاسڵ-ی ئەڵمانیاوە هاتوون بۆ بەڕێوەبردنى چالاکیى ئەم هەفتەیە.

ئەو دەستە ٤ کەسییە پێکهاتوون لە رۆزەرین کاچەر، سیلڤا جەمال کۆبانێ، سەرۆخان ئاکاد و بەردان کۆبانێ.

سەرۆخان ئاکاد بە ناوی دەستەکەوە رایگەیاند، گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری ئۆجالان نابێت. وتەبێژی دەستەکە راشیگەیاند، ئۆجالان پێشەنگی تێکۆشانی گەلی کورد و رزگارییە لە کۆیلەیەتى و دیلێتى. ئەوەشی وت، هەلومەرجەکە چۆن دەبێت با بێت، بە دڵنیاییەوە ئۆجالان ئازاد دەبێت.

وتەبێژی ئەو دەستە ئێشکگرە بانگەوازی بۆ کوردانی ئەوروپا ئەوەبوو، کە بەشداری "ئێشکگری ئازادی" ببن.

ئێشکگری بۆ ئازادیى ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ / ٥ی پووشپەڕەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامیى هەیە.

ژ.ت