"ئێمە لە یاریى کۆتایى پاڵەوانێتیداین"

لە ناو زۆربەى حیزبەکاندا لیستى ناوى پاڵێوراوان بووەتە هۆی دروستبوونى قەیران، بەڵام لیستی ناوى پاڵێوراوانى هەدەپە بە جۆش وخرۆشکێى گەورەوە بڵاوکرایەوە. هەروەها کۆبوونەوەکەى هەدەپە بووە کۆبوونەوەى بڕیارمەندی و بەردەوامیدان بە تێکۆشان.

لە ناو زۆربەى حیزبەکاندا لیستى ناوى پاڵێوراوان بووەتە هۆی دروستبوونى قەیران، بەڵام لیستی ناوى پاڵێوراوانى هەدەپە بە جۆش وخرۆشکێى گەورەوە بڵاوکرایەوە. هەروەها کۆبوونەوەکەى هەدەپە بووە کۆبوونەوەى بڕیارمەندی و بەردەوامیدان بە تێکۆشان.

هەدەپە لە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەیەکى جەماوەریدا ناوى پاڵێوراوەکانى بڵاوکردەوە. هەروەها بەرنامەى ژنانی بۆ هەڵبژاردن ئاشکراکرد و رایانگەیاند، بە لیستێکى بەهێزى ژنانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕدا دەکەن. هەدەپە راشیگەیاند، بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشەکانى تورکیا بەشێوەیەکى هاوبەش دەستبەکار دەکەن. بۆ ئەوەش پاڵێوراوەکانى لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانن. وەلی ساچلک-یش یەکێک لە پاڵێوراوەکانى هەدەپەیە.

بۆ ئەوەى بەربەستى سەدا ١٠ تێپەڕێنین دەبێت خۆمان بگەیەنینە دەنیزەکان

وەلی ساچلک پاڵێوراوى هەدەپە لە ئەنقەرە، وەک پاڵێوارەکانى تری هەدەپە سەرنجێکى زۆرى میدیاکانى بۆ لاى خۆى راکێشا. ئێمە بە زۆر خۆمان گەیاندە لای. لەبارى هۆکارى خۆپاڵاوتنى لە لیستى هەدەپەدا وتى "من تەنها هەدەپە وەک حیزبێک نابینم. هەدەپە ئەمڕۆ کلیلی کردنەوەى قفڵی قەیران و ئاڵۆزییەکانە. لەبەر ئەوەش ئیتر هەدەپە بۆ هەموو بەرە و لایەنەکانى تورکیا گرنگە. تەنانەت بۆ کەمالیستەکان و بۆ کێشەى عەلەوییەکانیش، چونکە هەموان بەو ڕێگایەدا دەرۆین. ئەو رێگایەش هەدەپەیە".

وەلی ساچلک راشیگەیاند " لەبەر ئەو هۆکارانە هەدەپەم لەلایەنەکانى تر پێ باشتر بووە. بۆ تێپەڕاندنى بەربەستى سەدا ١٠ش دەبێت خۆمان بگەیەنینە دەنیزەکان. مەبەست لە دەنیزەکان، دەنیز گەزمیشە. ئێمە بەربەستى هەڵبژاردن تێدەپەڕێنین و درێژە بە تێکۆشانى کەسانى هاوشێوەى دەنیز دەدەین".

چونکە هەدەپە دەنگى مەزڵومەکانە

ئێمە دەڕۆین بۆ لاى فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو پاڵێوراى هەدەپە بۆ کۆجالی و دەستدەکەین بە قسەکردن لەگەڵیدا. گەرگەرلی ئۆغڵو وتى "پاڵێورابوون لە لیستى هەدەپەدا بەو مانایە دێت، کە مرۆڤ دەبێتە دەنگى بندەستان و مەزڵومەکان. من لە هەموو ژیانمدا بە بەردەوامی هەوڵمداوە، باس داوا دیموکراسییانەکانى گەلان بکەم. بۆ ئەوەش چەندین ساڵ داکۆکیکارى مافەکانى مرۆڤ بووم. لەو ڕووەوە لە هەدەپە نزیکم و لەبەر ئەوەش بوومە پاڵیوراوى هەدەپە".

فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو لیستى پاڵێوراوانى هەدەپە زۆر بە سەرکەوتو دەزانێت و دەڵێت، بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لیستەکەى هەدەپە دەشوبهێنن بە تیمى بەرشەلۆنە و لە درێژەى قسەکانیدا وتیشى "بە بڕواى منیش، ئێمە لە یارى پاڵەوانێتیداین. ئەوانى تر ئەو حیزبانەن، کە بە دواى هاوپەیمان و یارمەتیدەردا دەگەڕێن، بەڵام کادێر و لایەنگرانى ئێمە زۆر هۆشیار و کاریگەر و پڕ لە ورە و وزەن".

تێکۆشان بۆ هەموو ژنانە

هودا کایا پاڵێوراى هەدەپە لە ئیستەنبول یەکێک لەو پاڵێوراوانەیە، کە سەرنجێکى زۆرى میدیاکانى چووەتە سەر. ئێمەش بوونیمان لیرە بە دەرفەت زانی و دەستمان کرد بە قسەکردن لەگەڵیدا. لە قسەکانیدا باسی لە سیاسەت و هەوڵەکانى لە دژى توندوتیژی و دەستدرێژی و ئازاردانى و کۆمەڵکوژکردنى ژنان کرد.

کایا باسى ئەوەشیکرد، ئەو توندوتیژی و دەستدرێژی و کۆمەلکوژییانە، پاشماوە و نەریتى ئەو عەقڵییەتەیە، کە دەیوت "حیزب بۆ باوەڕ و ئایین، رەنگ و جیاوازی، کاری پێکەوەیى پیا و ژن نابێت. بەڵام دەبێت لە هەموو شوێنێکدا بەرەنگاری ئەو عەقڵیەتە ببینەوە".

کایا ئەوەشى وت "تەنها ژنانی هەدەپە ئەو تێکۆشانە شکۆمەندانە بەڕێوەدەبەن، چونکە ژنانى ناو هەموو چین و توێژەکانى ئەم سەرزەمینە لە هەموو ئاستێکدا بەشداری ئەم تێکۆشانەن".

هەدەپە تاکە ناونیشانى خاوەنداریکردنە لە بیر و باوەڕی ئێزدییەکان

ئێمە لە بەردەوامیى قسەکانماندا لەگەڵ پاڵێوراوانى هەدەپە، چووین بۆ لاى فەلەکناس ئۆجا پاڵێوراوى هەدەپە لە ئێلح (باتمان). ئۆجا لەسەرەتاى قسەکانیدا وتى، هەدەپە حیزبى ژنانە و بۆ پێشگرتن لە توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان و راوەستاندنى فاشیزم، هەدەپە تاکە ئەڵتەرناتیڤە.

فەلەکناس ئوجا لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی، هەموو کات لە تورکیا بە چاوى کافر سەیری بیرو و باوەڕی ئێزدییەکان کراوە. بۆ ئازادیى ئایین، بۆ خاوەنداریکردن لە بیرو باوەڕی ئێزدییەکان، داواى لە هەموو کۆمەڵگەى ئێزدی کرد، دەنگ بە هەدەپە بدەن.

ئوجا ئەوەشى وت "هەر چەند رۆژ لەوە پێش بوو، پرسەخانەى ئێمەى ئێزدییان رووخاند. ئەو کارە هیچ جیاوازییەکى لەگەڵ ئەو تاوانانە نییە، کە لە شەنگال ئەنجامدران. لەبەر ئەوەش تاکە ناونیشان بۆ خاوەنداریکردن لە بیرو باوەڕی ئێزدییەکان، هەدەپەیە. نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت، کە ئێمە لە هەڵبژاردنەدا دوو دەنگمان هەیە، یەک دەنگیان بۆ پاڵێوراوى سەرۆکایەتیى کۆمارمان سەڵاحەدین دەمیرتاشە و ئەو دەنگەکەى تریش بۆ پاڵێوراوانى هەدەپەیە بۆ پەرلەمانى تورکیا".

ئەوەمان خستەڕوو، کە ژنان چ داهاتوویەکیان دەوێت

عایشە ئاجار باشاران پاڵێوراوێکى ترى هەدەپەیە بۆ ئێلح و لە کاتى قسەکردندا باسی لە بەرنامەى هەڵبژادنى ژنانى هەدەپە کرد و وتى "حیزبێکى تر، کە رێنوێنیى بۆ ژنان هەبێت و کاریان بۆ بکات و چارەسەرى بخاتەڕوو، بوونى نییە. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، هەدەپە بۆ دیموکراسی و سیاسەتى تورکیا و بۆ ژنان چەند گرنگە. ئێمە تەنها بەرنامەى هەڵبژاردنمان نەخوێندەوە، بەڵکو ئێمە نیشانیشماندا، کە ژن چ جۆرە داهاتوویەک و دیموکراسی و وڵاتێکى دەوێت".

دەبێت ئێمە بە روونی و بە وردى باسى هەدەپە بکەین

فەرهاد تونج پاڵێوراوى هەدەپە بۆ شاری ئایدن وتى "ئێمە دەزانین، کە هەدەپە ئومێدە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو ئومێدە بڵاوبکرێتەوە و بخرێتەڕوو. ئەرکێکى گرنگى هەموومان ئەوەیە، کە ئێمە بە وردی و بە روونى باسى هەدەپە بکەین، چونکە گرنگە بۆ دەنگدەرى هەدەپە باسی راستیى هەدەپە و رۆڵی چارەنوسسازی هەدەپە بکرێت".

من سەربەرزم، کە بوومەتە پاڵێوراى ئامەد

گارۆ پایلان پاڵێوراوى هەدەپەیە لە شارى ئامەد و رایگەیاند، سەربەرزە بەوەى کە پاڵێوراوى ئامەدە. پایلان بە رەچەڵەک خەڵکى مەلەتییە و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "وەک دەزانرێت لە هەموو شارەکانى ئەنادۆڵدا هاووڵاتیى ئەرمەنى هەیە. کاتی خۆى نیوەى دانیشتوانى ئامەد ئەرمەنى و سوریانى بووە. راستە ئەمڕۆ ژمارەمان کەمە، بەڵام لە هەموو شوێنێکى ئامەد دا شوێن پێمان هەیە. منیش بۆ ئەوەى ئامەد ببێتە شوێنێکى فرە زمان، فرە کولتور و فرە رەنگ، ئەوەى لە دەستم بێت ئەنجامى دەدەم. من بۆ ئاشتییەکى شکۆمەندانە تێدەکۆشم".

خەمساردی کارى ئێمە نییە

بارش ئاتای پاڵێوراوی هەدەپە لە شاری هاتای لەلایەن ئەحمەد هاکانەوە کرایە ئامانج و دواى ماوەیەکیش دەستگیر و زیندانی کرا. بارش ئاتای یەکێک لەو پاڵێوراوانەیە، کە سەرنجێکى زۆری چووەتە سەر. ئاتای لەبارەی هۆکارى خۆپاڵاوتنى لە لیستى هەدەپەدا باسی ئەو گوشارانەی کرد، کە لە دژى هەدەپە ئەنجام دەدرێن. ئەو گوشارانە لە ٧ى حوزەیرانەوە بە شێوەیەکى قورس لە دژی هەدەپە بەڕێوەدەچن.

ئاتای راشیگەیاند "لە دژى زیندانیکردنى پەرلەمانتارانى هەدەپە، لە دژی زیندانیکردنى هاوسەرۆک شارەوانییەکان، لە دژی کوشتنى مرۆڤەکان، لە دژى گەمارۆدانى شارەکان، ئەرکی هەموو کەسێکى سۆسیالیست و مرۆڤێکى خاوەن ویژدانە، کە پشتگیری لە هەدەپە بکات و ئەوانەش هۆکارى گرنگن بۆ ئەوەى، کە بوومەتە پاڵێوراى هەدەپە".

ئاتاى وتی، تێکۆشان لە هەلومەرجى دژوار و قورسدا باشترە و لە درێژەى قسەکانیدا وتیشى "هەدەپە لەم کاتەدا کێشەى بەربەستى سەدا ١٠ى رووبەروو کراوەتەوە، بەڵام وزەیەکى گەورە لە گۆڕێدایە و ئومێدیش هەیە، کە وەک هەڵبژاردنەکانى تر ئەو بەربەرستە تێپەڕێنێت. وەک هەموو کات وتومە؛ خەمساردی کارى ئێمە نییە".

هەدەپە لێوانلێوە لە ورە و جۆش و خرۆش

سەرپیل کەمال بای، هاوسەرۆکى پێشووى هەدەپە و پاڵێوراوى هەدەپەیە بۆ شارى ئیزمیر، لەبارەى هەڵبژاردن و پاڵێوراوانى هەدەپە و کەشی هەڵبژاردنەوە وتى، هەدەپە لە پێشتر زیاتر جۆش و خرۆشی تێدایە و بە ئەزموونەکانى ٧ى حوزەیران و ١ى تشرینى دووەمەوە و لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەکى بەرفراوانتردا بەشداریى هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران دەبێت.

کەمال بای باسى ئەوەشیکرد، ئەوە سەلمێنراوە، کە هەدەپە بۆ گەلانى تورکیا چ دەرفەتێکى گرنگ و گەورەیە، لەبەر ئەوەش بەو پەڕی هێزەوە کار بۆ سەرخستنى هەدەپە لەم هەڵبژاردندا دەکەن.

هەدەپە هێزى گۆڕانکاریى تورکیایە

ئایهان بیلگەن پاڵێوراوى هەدەپە بۆ شارى قەرس رایگەیاند "لە کاتى بارى نائاسایدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن. لەبەر ئەوە ئەرکی هەموو ئۆپۆزسیۆنە، کە تورکیا لە شەڕ رزگار بکەن. بۆ ئەوەش هەدەپە کەوتووەتە هەوڵ و تێکۆشانێکى بێ هاوتا. پرۆفایلی پاڵێوراوەکانی هەدەپە، کە لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەن، ئەوەى سەلماندەوە، کە هەدەپە هێزى گۆڕانکاریی تورکیایە".

لەبەر ئەوەى ناوچەى سووریان رووخاند من بوومە پاڵێوراو

لە کاتى ئاشکراکردنى ناوی پاڵێوراوانى هەدەپەدا، ناوى رەمزییە تۆسون سەرنجێکى زۆری بۆ سەر خۆى راکێشا و بووە جێگەى گفتوگۆ. تۆسون و باوکى لەکاتى هێرشکردنە سەر ناوچەى سوورى ئامەد دا دەستگیر و زیندانیکرابوون. ئێستا تۆسون پاڵێوراوى هەدەپەیە بۆ ئامەد. تۆسون لەبارەى خۆپاڵاوتنییەوە وتى "لەبەر ئەوەى خانووەکەمان، کە ٢٠ ساڵ بوو لەناوچەى سووری ئامەد دا تیایدا دەژیان روخێنرا، من خۆم پاڵاوت. ئەوە هۆکارى سەرەکیی خۆپاڵاوتنى منە. رۆڵەکانى ئێمە، دڵ و رۆحەکانى ئێمە کوژران. ژمارەیەکى زۆر خەڵک کوژران. لەبەر ئەوەى هەدەپە دەستبەرداری بەڵێنەکانى بۆ ئاشتى نەبووە، لەبەر ئەوەى جیاوازى ناکات لە نێوان نەژاد و رەگەزەکان، زمان و زایندەکان، بوومە پاڵێوراوى هەدەپە".

ر.م