بەرخودانى مانگرتنى ستراسبۆرگ لە ٥٢هەمین رۆژدایە

چالاکیى مانگرتنى بێسنوور لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ٥١ رۆژی تێپەڕاند.

چالاکیى مانگرتنی بێسنوور لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بە بەشداریى ١٤ چالاکوانى مانگرتوو بەردەوامە و یەکێک لە مانگرتووەکان یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا)یە.

لە ٥١ رۆژی رابردوودا هەزاران کەس لە وڵاتە جۆراجۆرەکانەوە چوون بۆ سەردانى چالاکوانە مانگرتووەکان لە ستراسبۆرگ. سەرباری ئەوەى دۆخی تەندروستییان رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر بەرەو خراپبوون دەڕوات، بەڵام چالاکوانە بەرخودێرەکان پێشوازى لە میوانەکان دەکەن.

دوێنێ کوردستانیان لە شارەکانى بێرن، ئاراو و زوریخی سویسرا، لە هامبورگ، کۆلن، برێمن، کاسل، هایلبرۆن و  فۆرتسهایمی ئەڵمانیاوە سەردانی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد-یان لە ستراسبۆرگ کرد، کە چالاکوانانى مانگرتوو تیایدا چالاکیى مانگرتنەکەیان بەڕێوەدەبەن.

ئەندامانى پارتیزان پشتیوانییان لە چالاکییەکە کرد

دەستەیەک لە ئەندامانى پارتیزان بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیى مانگرتنەکە چوون بۆ سەردانى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد. ٣ لە ئەندامانی پارتیزان بە ناوەکانى سەڵاحەدین، ئەحمەد و ئاردا لەگەڵ محەمەد نێعمەت سەڤیمی مانگرتوودا دانیشتن و لەبارەى چالاکییەکە و ئامانجی چالاکییەکەوە گفتوگۆیان کرد.

ئەندامانى پارتیزان پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرخودانی دژ بە گۆشەگیری و تێکۆشانی هاوبەشی گەلان خستەڕوو.

 چالاکوانە مانگرتووەکانی ستراسبۆرگ

بەرخودێران لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / لە ستراسبۆرگ دەستیان بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور کردووە. مانگرتووەکانى ستراسبۆرگ پێکدێن لە: ١ - پەرلەمانتاری خولەکانى ٢٥ و ٢٦ی پەرلەمانى تورکیا دیلەک ئۆجالان، ٢ - سیاسەتمەداران مستەفا ساری کایا و ٣ - محەمەد نێعمەت سەڤیم، ٤ - پەیامنێر گولیستان چیا ئیکە، ٥ - ئەکادیمیسیەنى رۆژهەڵاتى کوردستان کاردۆ بۆکانی، ٦ - هاوسەرۆکى کەجەدەکەى ئەوروپا یوکسەل کۆچ، ٧ - سیاسەتمەداری باشووری کوردستان محەمەد قادری، ٨ - چالاکوان دەنیز سورگیوت، ٩ - ئەکرەم یڵماز، ١٠ - نورگوڵ باشاران، ١١ - رەمەزان ئیمیر، ١٢ - ئایڤاز ئەجە، ١٣ - عەگید ئوراڵ و ١٤ - کەرەم سۆلهان.

ر.م