توران: هێرشەکەی دژی کرێکارە کوردەکان، ئەنجامی سیاسەتی ئاکەپە-مەهەپەیە

وتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی هەدەپە رایگەیاند، هێرشەکانی دژی کرێکارە کوردەکان، ئەنجامی سیاسەتەکانی ئاکەپە-مەهەپەیە.

ریدڤان توران وتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی هەدەپە لە بارەی هێرشی رەگەزپەرەستان لە دژی کرێکارە کوردەکان، لێدوانێکی بڵاو کردەوە.

توران رایگەیاند، هێرشەکانی ساکاریا لە دژی کرێکارە کوردەکان، ئەنجامی سیاسەتە رەگەزپەرەستیەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە و وتی:"بە سەدان هەزار کرێکاری کورد بۆ کارکردن ساڵانە کۆچ دەکەن بۆ شارە جیاوازەکان. کرێکاری کشتوکاڵی لەگەڵ ئەوەی مووچەیەکی کەم وەردەگرن، رەنج و ماندووبوونیان دەخورێت."

توران راشیگەیاند پێویستە پلانێکی باش هەبێت بۆ باشکردنی بار و گوزەرانی ئەو کرێکارانە و ئاماژەی بەو هەڵسوکەوتە ناشیاوانە کرد کە لەگەڵ کرێکارە کوردەکان ئەنجام دەدرێت و وتی:"ئەو هەڵسوکەوتە ناشیاوانە هێندەی سیاسەتی داگیرکەری دەسەڵاتی ئاکەپە قوڕسن."

ز.ش