داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ لە ئەڵمانیا سەردانى چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالانیان کرد

دەستەیەک لە داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ لە ئەڵمانیا سەردانى شوێنى چالاکییى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالانیان لە ستراسبۆرگ کرد. لە سەردانەکەیاندا نوێترین زانیارییان لەبارەى گۆشەگیری و رووداوەکانى کوردستانەوە پێدرا.

لە هەموو ئاست و بەشەکانى کۆمەڵگەوە تامەزرۆییەکى زۆر بۆ بەشداریکردن لە چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالان لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنى ئەوروپا لە ستراسبۆرگی فەرەنسا، هەیە و چالاکییەکە بە گەرموگوڕییەوە بەردوامە.

دوێنێ دەستەیەک لە داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ لە دادگاى مافەکانى مرۆڤی ئەوروپا(DMME)  و ئەنجوومەنى ئەوروپا سەردانى شوێنى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالانیان لە ستراسبۆرگ کرد.

لەبارەى سیاسەتى گۆشەگیرکردن و فاشیزمەوە زانیارییان پێدان

ئەو دەستەیە لە داکۆکیکارانى مافەمانى مرۆڤ لەلایەن نوێنەری ئەنجوومەنى ئەوروپا و فایەق یاگزای پەرلەمانتاری ئەوروپاى هەدەپە لە چالاکییەکە و گۆشەگیری ئاگادارکرابوونەوە. بۆیە لەبارەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد کە ماوەى ٢ ساڵە رێگای پێنادرێت چاوى بە بنەماڵەکەى بکەوێت، پرسیاریان کرد و برۆشورەکانى پەیوەندیدار بە گۆشەگیرییەکەوە کە لە شوێنى چالاکییەکدا ئامادەکرابوون، رادەستى ئەو داکۆکیکارانەى مافەکانى مرۆڤ کرا.

یاگزای نوێنەرى هەدەپە هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی دۆخى ئۆجالان سەرنجیشی خستەسەر سیاسەتى فاشیزم لە دژی هەدەپە و دەبەپە و ئۆپۆزسیۆن و داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ و رۆشنبیران.

زولکوف بینگۆل یەکێک لە ئەندامانى چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالان دوایین زانیارییەکانی لەبارەى سیاسەتى فاشیستیانەى ئەردۆغان و پێشهاتەکانى هەر چوار پارچەى کوردستانی بۆ ئەو دەستەیە لە داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ خستەڕوو.

تاوەکو ئێستا هەزاران کەس لە گۆشەگیری و پێشێلکارییەکان ئاگادار کراونەتەوە

ئێشکگرتن بۆ ئازادیى ئۆجالان لە ستراسبۆرگ ماوە درێژترین چالاکییە، کە تاوەکو ئێستا لە ئەوروپا رێکخراوە و هەموو رۆژێک بەبێ راوەستان چالاکییەکە بەردەوامیى هەیە.

چالاکیى ئێشکگرتن بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە ٢٥ى حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنى ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکردووە.

لە چالاکییەکدا تاوەکو ئێستا سەدان هەزار کەس، رۆژنامەنووس، کەسایەتى و گەشتیار کە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە سەردانى شوێنى چالاکییەکەیان کردووە و برۆشور و راگەیاندراو و نامیلکەیان بەسەردا دابەشکراوە و قسەیان بۆ کراوە و لە دۆخی گۆشەگیری و پێشێلکارییەکان و مافەکانى کورد و ئامانجی چالاکییەکە ئاگادار کراونەتەوە.

ر.م