دایکانی ئاشتی لە دژی گۆشەگیری بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە

دایکانی ئاشتی لە دژی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە و راشیانگەیاند، ئاکەپە-مەهەپە بە هەموو هێزیانەوە هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد.

ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە بارەی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناو بەندیخانەکان، لە ناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبول راگەیێنراوێکیان بڵاو کردەوە.

هەر یەک لە ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، گوربەت ئایدۆغان هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ئەلیف بولوت هاوسەرۆکی لقی هەدەپەی شاری ئەستەنبوڵ، ئەزگی باخچەچی هاوسەرۆکی لقی ئەستەنبولی پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان و چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بەشداریان لە کۆبونەوەکەدا کرد.  

'ئیمرالی لە لایەن سیستمێکی جیاوازەوە بەڕێوە دەبرێت'

کەسکین لە کۆبونەوەکەدا قسەی کرد و وتی:"فشارێکی زۆر لەسەر ژنانی کورد هەیە. رووبەرووی ئەشکەنجە دەبنەوە. لەم چوراچێوەیەدا ئەمڕۆش چەندین ژن دەستگیر کران کە لە ناویاندا دایکانی ئاشتیش هەن. ئەو ژنانە تەنها داوایەکیان هەیە ئەویش، چارەسەرکردنی کێشەی کوردە بە رێگەی دیمۆکراتیک. جگە لەوەش گۆشەگیریەکی قوڕس هەیە لە بەندیخانەکان. بە تایبەت بەندیخانەی ئیمرالی. لە سەرەتاوە بەندیخانەی ئیمرالی بە سیستمێکی جیاواز بەڕێوە دەبرێت. ماوەیەکی دوور و درێژە سیستمێکی توندکراوی گۆشەگیری لەئارادایە. ئەم گۆشەگیریە هاوکات لە دژی یاسا و رێسا ناوخۆیەکانیشە. لەگەڵ ئەوەی زیندانیان خاوەنی مافی یاسایی خۆیانن، بەڵام ئۆجالان و زیندانیانی دیکە، بێبەشن لەو مافانە."

دواتر رەوشەن دۆنەر دایکی ئاشتی قسەی کرد و رایگەیاند، گۆشەگیریی ئیمرالی لەسەر گشت کۆمەڵگایە و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی تاکۆ گۆشەگیری هەڵنەگیرێت، دیمۆکراسی و ئاشتیش بەدی نایەن.

'لە دژی گۆشەگیری هەڵسنە سەرپێ'

لە کۆتاییدا بەهیە دومان دایکی ئاشتی قسەی کرد و بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گشت کۆمەڵگا کرد کە لە دژی گۆشەگیری هەڵسنە سەرپێ و وتی:"گۆشەگیری ئەشکەنجەیە و ئەمەش جێگای قبوڵکردن نیە."

دومان رایگەیاند، هێرش دەکریتە سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد و وتی:"ئاکەپە-مەهەپە بە هەموو هێزیانەوە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد. لە ئێستادا زیندانیان لە ژێر گۆشەگیریدان."

ز.ش