دایکانی بەرخۆدێرانی مانگرتوو: با داواکاریی رۆڵەکانمان جێبەجێ بکرێن

ئەو دایکانەی رۆڵەکانیان لە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لە مانگرتندان ماوەی ٦ رۆژە لە ناوەندی گشتیی هەدەپە چالاکی دەکەن. دایکان دەیانەوێت داواکاریی رۆڵەکانیان قبوڵ بکرێن.

 چالاکیی دایکانی ئەو زیندانییانەی لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چالاکیی مانگرتندان، لە ناوەندی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە - HDP) لە رۆژی شەشەم دایە. نوێنەرانی ژنانی هەدەپە و دەبەپەی شار و ناوچەکان، لەچکی سپیان لەسەر کرد و سەردانی دایکانیان کرد. دایکان لە هۆڵی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا پێشوازییان لە میوانەکان کرد.

یەکێک لە دایکان بەناوی ئایفەر بیتمەن لە کاتی سەردانی میوانەکان قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوان بۆ رۆڵەکانیان لە ئەنقەرەن و کاتێک دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر دەتوانن دەنگیان بگەیەنن.

یەسوورە توفان وتی: "بۆ ئەوەی دەنگی رۆڵەکانمان بگەیەنین، لەوانەیە کەمێک درەنگیش کەوتبین، بەڵام پێکەوە دەنگی خۆمان دەگەیەنین".

 توفان داوای لە بەرپرسان کرد، کە دەستبەجێ هەنگاو بنێن و وتی: "بێ ئەوەی کەسێک بمرێت، بێ ئەوەی درەنگ بێت، دەبێت هەنگاو بنرێت، ئەگەر چاوەڕوانی سبەینێ بکەین درەنگ دەبێت".

نەزاهەت تەکەش وتی: "تاوەکو دەست نەدەینە دەستی یەکتری ناتوانین سەربکەوین. لێرە دەمێنینەوە ز بەرخۆدان دەکەین هەتا زانیارییەکی خێردار وەرنەگرین ناگەڕێینەوە".

تەکە داوای لە بەرپرسان کرد، کە دەنگیان ببیستن و داواکاریی رۆڵەکانیان جێبەجێ بکەن.

حسێن گەوهەر هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەو دایکانەن کە بۆ رۆڵەکانیان چالاکی دەکەن و بۆ ئەوەی دەنگیان بگەینن هەرچییەکیان لەدەست بێت دەیکەن.

ر.م