دایکانی شەممە بۆ بایرام و تەکین گرد بوونەوە

دایکانی شەممە بۆ محەمەد شیرین بایرام و ڕەمەزان تەکین گرد بوونەوە کە لە تشرینی دووەمی ١٩٩٦ دوای ئەوەی دەستگیر کرابوون، بێسەر و شوێن کرابوون.

دایکانی شەممە، بۆ ئەوەی بێسەروشوێنەکان بدۆزرێنەوە و فایلەکان دادگایی بکرێن، لە هەفتەی ٧٦٢ەمدا ویستیان چالاکییەکەیان لە گۆڕەپانی گالاتاسارای بەڕێوە ببەن. بەڵام پۆلیس ڕێگرییان لە دایکان کرد. دایکانی شەممە لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆڵانی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئەستەنبۆل چالاکی خۆیان بەڕێوەبرد. دایکان تیشێرتیان بە وێنەی بێسەروشوێنکراوەکان لەبەر کرد. هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە پەروین بوڵدان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە بەشداری چالاکی ئەم هەفتەیە بوون.

لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا، چارەنووسی محەمەد شیرین بایرام و ڕەمەزان تەکین کە لە گوندی تەمیران-ی ناوچەی پاسووری ئامەد لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦دا دەستگیر کران و لەوە بەدوا ئیتر بێ سەر و شوێن بوون.

بەسنا توسۆن، کچی فەهمی توسۆن کە لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ دەستبەسەر کرا و بێسەر و شوێن کرا، وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە مافی هەموو کەسێکە بژیت، بپارێزرێت، بە دادگەریی دادگایی بکرێت، ئازاد بێت و ئارامی هەبێت، هەروەها وتیشی: "ئەوانە مافی بنەڕەتی مرۆڤن، نابێت پێشێل بکرێن. بنەماڵەی بایرام لە گوندی تەمیرانی ناوچەی پاسوور دەژیان. بۆ ئەوەی ببنە جاش ڕووبەڕووی گوشاری زۆر بوونەوە. وێڕای ئەو هەموو گوشارانەش، هاوڵاتیانی گوندنشین قبوڵیان نەکرد ببنە جاش، بەو هۆیەوە لە سالی ١٩٩٥ گوندەکە وێران کرا و بەزۆر ماڵەکانیان پێ بەجێهێشتن. بنەماڵەی بایرامیش ئاوارەی ئامەد کرا. مستەفا بایرام لەگەڵ کوڕەکەی شیرین بۆ ئەوەی وەکو کرێکاری خانوبەرە کار بکەن چوونە کۆجالی. شیرین لە کۆجالییەوە دێتە ماڵەوە. لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ دەچێتە ماڵی خزمێکی خۆی بەناوی ڕەمەزان تەکین تەمەنی ٦٥ ساڵ کە ماڵەکەی لە گونی تەمیران-ی سەربە پاسوور بووە. سوپا و جاش ئەو شەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی تەکین و دەیانگرن، تەکین و محەمەد شیرین بایران دەستگیر دەکرێن. ٥ ڕۆژ لە بنکەی سەربازی پاسور دەستگیر دەکرێن و دواتر بە هیچ شێوەیەک زانیاریان نابێت. وێڕای هەموو هەوڵێکی بنەماڵەکەیان لەبارەی چارەنووسی هەردوو کەسەکە هەتا ئەمڕۆ هیچ زانیارییەک نییە".

دوای لێدوانەکە، نامەی بنەماڵەی محەمەد شیرین بایرام لە ئامەد دەژین بۆ دایکانی شەممە ناردبووی خوێندرایەوە و دواتر چالاکی کۆتایی هات.

ک-ش