"دەبێت بڕیارەکانی کاتى باری نائاسایى لەگەڵ نەمانى بارى نائاسایدا هەڵبوەشێنرێنەوە"

یاساناس حوسنا ئۆندول وتی "ئەو بڕیارانەی لە کاتی باری نائاساییدا دەرکراون، پاش ئەوەی باری نائاسایی هەڵگیرا دەبێت چیتر کاریان پێ نەکرێت. چونکە ئەوانە بڕیارن نەک یاسا".

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی باری نائاسایدا، ۳۵ بڕیارنامە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرکران. بەوەش ۱۲۹ هەزار و ۴۱۰ کارمەند لە کارەکانیان دەرکران. لە چەندین شاریش کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ڕێپێوان، بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغە کران. ۷۰ ڕۆژنامەوان، ۲۵ ڕادیۆ، ۲۰ گۆڤار و ۱۸ کەناڵی تەلەفزیۆنی داخران. هەزار و ۴۳۱ کۆمەڵە و ڕێکخراو داخران و مانگرتن قەدەغە کرا.

بە پرۆژە یاسایەکی نوێ، کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ ساڵی تر بەردەوام دەبێت، بەڵام بڕیارەکان لەلایەن وەزارەتەکان و والیەکانەوە دەدرێن. بەپێى یاسا نوێیەکە، لەسەر کار دەرکردن لەلایەن وەزیر، یان دەزگا حکومییەکانەوە دەبێت.

 بەگوێرەی پێوەرە یاساییەکانی باری ئاسایی، ئەو بڕیارنامەیەی کە لەکاتی باری نائاساییدا دەرکراون، پاش کۆتاییهاتن بە باری نائاسایی چیتر کاریان پێ ناکرێت، بەڵام بە پرۆژە یاسایەکی نوێ ئەو بڕیارنامەیە بەردەوامیی پێدەدەن و دەرگا لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو بڕیارانە دیسانەوە و بەهەمان شێوە بەکاربهێنرێن. یاساناس و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ حوسنا ئۆندول، ئەو پرسە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕوون دەکاتەوە.

ئۆندول جەختی لەوە کردەوە، باری نائاسایی لەڕووی یاساییەوە هەڵگیراوە، بەڵام بەو پرۆژە یاسا نوێیەی کە پێشکەش بە پەرلەمانیان کردووە، ئەرکی باری نائاسایی ڕادەستی وەزارەتەکان و والیەکان کراون. ئۆندول وتیشی "لە بارودۆخێکی وەهادا، هەڵگرتنی باری نائاسایی، لە ڕووی یاساییەوە و لە بواری کرداریدا بێ مانایە. باری نائاسایی تا سێ ساڵی تر دەمێنێتەوە".

ئۆندول ڕاشیگەیاند، بڕیارنامەکە پاش ڕاگەیاندنی باری نائاسایی دەرکراوە و بۆ کاتی باری نائاسایی وڵات بوون و وتیشی "بەگوێرەی تێڕوانینی گشتیی یاسایی پاش ئەوەی باری نائاسایی کۆتایی هات هەموو بڕیارەکانی ئەو کاتە بەتاڵ دەبنەوە".

حوسنا ئۆندول جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەو بڕیار و بڕیارنامانە کە لەکاتی باری نائاساییدا دەرکراون، بنێردرێنە پەرلەمان و ببن بە یاساش، بەڵام لەڕووی جەوهەرییەوە ئەو بڕیار و بڕیارنامانە یاسایی نین و هەر بڕیارن.

ئۆندول وتیشی "کاتێک مرۆڤ لە ڕووی مافەکانی مرۆڤ و یاسا دەستوورییەکانی وڵاتەوە لەم پرسە بڕوانێت، ئاشکرا دەبێت کە لە ئێستا بەدواوە نابێت کار بەو بڕیارنامەیەی سەردەمی باری نائاسایی بکرێت".

ئەو یاساناسە، جەختیشی لەوە کردەوە، کارکردن بە بڕیارنامەی سەردەمی باری نائاسایی وڵات دەخاتەوە ناو باری نائاساییەوە.

ر.م