دەستەیەک لە فرانکفۆرتەوە ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەى چالاکیی ئازادی بۆ ئۆجالانن

ئێشکگریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' ئەم هەفتەیە لەلایەن دەستەیەک لە فرانکفۆرتەوە درێژەى پێدەدرێت. کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بڕیار و پێداگرن، کە تاوەکو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد درێژە بە چالاکییەکەیان بدەن.

ئێشکگریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان' لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا و لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنى ئەوروپا و بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرێوەدەچێت و ئەو چالاکییە ماوەی ٤٢٩ هەفتەیە بەردەوامە. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە دەستەیەک لە کوردستانیان لە شاری فرانکفۆرتەوەن بە ناوەکانی، عەلی کانیا، محەمەد چاکماک، حەسەن کیسا و حاجی ئالەکس.

ئەندامانی دەستەکە ناڕەزایەتییان لە دژی کۆمیتەى جیهانی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی سەر بە ئەنجوومەنى ئەوروپا (سی پی تی) نیشاندا و رایانگەیاند 'ئەوە چ بێدەنگییەکە؟ ماوەی ٩ ساڵە ئێمە یەک لەسەر یەک ناڕەزایەتی نیشان دەدەین، بەڵام هێشتا هەر ئەو رێکخراوە بێدەنگە و دەنگی لێوە نایەت".

ئێشکگران سەرنجیان خستەسەر نادادپەروەری و وتیان "کوردیش وەک هەموو مرۆڤەکانی تر و دەوڵەتەکان چاوەڕیی هەڵسوکەوتێکى دادپەروەرانە و بڕیاری دادپەرەوەرانەیە، چونکە رێبەرەکەمان ماوەی ٢١ ساڵە زیندانیکراوە و هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ژیان و تەندروستی و ئاسایشیەوە نییە".

ئەندامانی دەستەکەى فرانکفۆرت سڵاویان لە رێپێوانی درێژمەودای گەنجانی کورد بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد، کە ئەو رێپێوانە درێژ مەودایە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و راشیانگەیاند "ئێمە هیچ کات سازش لەسەر ئازادیی رێبەرەکەمان ناکەین. دەبێت هەر کوردێک بەو ئامانجەوە دەست بە جموجوڵی و چالاکی بکات".

ژ.ت