دەمیر: ئەوەی لە ساکاریا بەسەر ئێمەیان هێنا، دوژمنیایەتیکردنی کوردە

حامدین دەمیر کە لە شاری ساکاریا رووبەرووی هێرشێکی نەژادپەرەستانی تورک بووەوە، وتی:"ئەوەی بەسەر ئێمەیان هێنا دوژمنایەتیکردنی کوردە. پێشتریش ئەو کارانەیان کردبوو. ئەمە پێی دەڵێن رەگەزپەرەستی."

خانەوادەی دەمیر بۆ کۆکردنەوەی بندوق لە ناوچەی شەمرەخی مێردینەوە چووبوون بۆ شاری ساکاریا و لەوێ رووبەرووی هێرشێکی رەگەزپەرەستی بوونەوە. خەڵک ساڵانە بۆ کاری وەرزیی روو لە شارە تورکیەکان دەکات.

'جوێنیان پێداین و ئێمەش قبوڵمان نەکرد'

حەمدین دەمیر لە سەر ئەو دیاردە نەژادپەرەستیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوراتی قسەی کرد و وتی، ٢٥ رۆژ بوو لە ساکاریا بووین. دوێنێ کاتژمێر ٠٩:٤٠ کۆمەڵێکی تورک هێرشیان کردە سەرمان. ١٧ کەس لە کەسوکار و خانەوادەکەم چووبوون بۆ سەرکار. جنێویان پێدابوون. ئەوانیش قبوڵیان نەکردبوو. خاوەن زەویەکان هەم رەنجی منداڵەکانمان دەخۆن، هەم بێڕێزیان پێدەکەن. لەسەر ئەمە منداڵەکانمان وتوویانە کار ناکەین و هاتوونەتەوە. دواتر گروپێک رێیان لێگرتوون."

'بە تەور هێرشیان کرد'

دەمیر وتی، ئەوانەی هێرشیان کرد کە خاوەنکارەکان بوون، خەڵکی تریشیان لە گوندەکانی دەوروبەر هێناوە و رێگەیان لە منداڵەکانمان لێگرتووە. هەندێکیان تەوریان پێبووە و هێرشیان کردووە. منداڵەکانمان پەیتا پەیتا گەراونەتەوە بۆ شەمڕەخ. گەنجێکمان بە قوڕسی بریندار بووە. ئەمڕۆ ئەومان بردەوە بۆ نەخۆشخانە. بارودۆخی تەندروستی و دەروونی کچێکیشمان زۆر خراپە.

'ئەوەی بەسەر ئێمەیان هێنا، دوژمنایەتیکردنی کوردە'

دەمیر لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی، ئەوان بە نیازن داوا تۆمار بکەن، ئێمە بە نیاز بووین ئەمڕۆ داوا تۆمار بکەین بەڵام بە هۆی تێکچوونی باری دەروونی کچەکەمانەوە دوامان خستووە بۆ بەیانی. ئەوەی بەسەر ئێمەیان هێنا دوژمنایەتیکردنی کوردە. پێشتریش ئەم جۆرە هێرشانەیان ئەنجام دابوو. بە تایبەت هێرش دەکەنە سەر کورد، تەنها کورد بە ئامانج دەگیرێن. ئایا رۆژێک بینیوتانە هێرشێکی بەم شێوەیە بەسەر تورکەکاندا بهێنن؟ نە. ئەمە پێی دەڵێن رەگەزپەرەستی. بۆ نمونە ئەو کەمپەی کە کرێکارانی وەرزیی لە ساکاریا تێیدا کۆدەبنەوە، ناویان لێناوە "بازاری سەگ"!. ئایا مرۆڤ لەم بارەیەوە چی دەتوانێت بلێت؟"

ز.ش