رێپێوانى درێژمەودا لە دژی گۆشەگیری لە سویسراوە بۆ فەرەنسا رێکدەخرێت

سیاسەتمەداران، نوێنەرانى ریکخراوەکان، هونەرمەندان و چەندین کەسایەتیى ناودار خۆیان ئامادە دەکەن بە دروشمی "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" لە باسلەوە رێپێوانێکى درێژ مەودا تاوەکو ستراسبۆرگ رێکبخەن.

لە ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیدا سیاسەتمەداران، نوێنەرانى رێکخراوەکان، هونەرمەندان و ١٥٠ کەسایەتیى ناودار بە دروشمی "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" لە شاری باسلی سویسراوە تاوەکو شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا رێپێوانێکى درێژمەودا رێکدەخەن.

رێپێوانە درێژمەوداکە لە ٩ی شوباتی ٢٠١٩ / ٢٠ی رێبەندان لە شاری باسلی سویسراوە دەستپێدەکات و لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٩ / ٢٦ی رێبەندان دەگاتە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا و بە ئەنجامدانى چەندین چالاکی کۆتایى پێدەهێنرێت.

رێپێوانە درێژمەوداکە لەلایەن کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا - KCDK-E) رێکدەخرێت. رێپێوانەکە لە کاتژمێر ١١ی رۆژی ٩ی شوبات لە شاری باسلەوە بە رێکخستنى میتنگێکی جەماوەری و بە بەشداریى هەزاران کەس دەستپێدەکات. میتنگەکە و رۆژی یەکەمی رێپێوانەکە بە بەشداریى جەماوەری گەل و بە کەوتنەڕێى ١٥٠ کەس لە کوردستانیان و دۆستەکانیان دەستپێدەکات.

نەورزۆ سەرحەد ئەندامى کۆمیتەى ئامادەکاری رێپێوانە درێژمەوداکە و ئەندامی بزووتنەوەى ژنانى کورد لەبارەى رێپێوانەکەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، ئامادەکاریى تەکنیکیى رێپێوانەکە کۆتایى پێهاتووە. رێپێوانەکەش لە کاتێکدا رێکخراوە کە چالاکییەکانى بەرخودانی مانگرتن بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بەردەوامییان هەیە و لەبەر ئەوەش رێپێوانەکە زۆر گرنگە.

نەورۆز سەرحەد راشیگەیاند، بە رێپێوانە درێژمەوداکەیان بەرخودانى بێ هاوتای دژ بە گۆشەگیری بەرفراوانتر دەکەن. ئەو کەسانەى کە لە ناو راى گشتی دا ناسراون پێشەنگایەتیى رێپێوانە درێژمەوداکە لە باسلەوە تاوەکو ستراسبۆرگ دەکەن. رێپێوانەکە ٧ رۆژ دەخایەنێت و لە هەموو هەنگاوێکى رێپێوانەکەدا داواى نەهێشتنى گۆشەگیری و ئازادیى ئۆجالان دەخرێتەڕوو.

بە رۆژ رێپێوان و ئێوارانیش پانێل و مێزگرد

نەورۆز سەرحەد لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، رێپێوانەکە بە ناوەندى شارەکانى سەر رێگاى رێپێوانەکەدا تێدەپەڕێت و بە درێژایى رۆژ رێپێوانەکە بەردەوامیى دەبێت و ئێوارانیش جگە لە بەرنامەى هونەری لەسەر گۆشەگیری و پرۆسەی سیاسی پانێل و مێزگرد رێکدەخرێت.

وتیشی، دەیانەوێت بە رێپێوانەکە لە دژی گۆشەگیری ئەنجامێک بەدەست بهێنن و ئەوەشی وت "ئامانجی لە پێشینەى رێپێوانەکە ئازادیى جەستەیى رێبەرەکەمانە. هەر چۆن لە دروشمی رێپێونەکەدا خراوەتەڕوو، روومان لە تێکشکاندنی گۆشەگیریى ئیمراڵییە، روومان لە خوڵقاندنی هەلومەرجی ژیانى ئازادی رێبەرمانە. دەمانەوێت بە رێپێونەکەمان سەرنجی راى گشتی و نێونەتەوەیى رابکێشینە سەر ئەو ئامانجانەمان و باسیش لە چالاکییەکانى مانگرتن دەکەین".

"دەبێت کۆتایى بە بێدەنگی بهێنرێت"

نەورۆز سەرحەد ئەوەى بە بیرهێنایەوە، دۆخی بەرخودێرانی مانگرتوو لە دژی گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستێکى مەترسیدار و وتى "رێپێوانەکەمان دەبێتە بەشێک لەو بەرخودانەى کە ئێستا بەڕێوەدەچێت. لە پێش هەمووانەوە دۆخی هەڤاڵ لەیلا گیوڤەن، دۆخی تەندروستیى هەموو هەڤاڵانى تری مانگرتوو گەیشتووەتە ئاستێکى مەترسیدار. بەرخودانەکە بە بیروبڕوایەکى گەورەوە بەردەوامیى هەیە، بەڵام هەم لە راى گشتی و هەم لە ئاستى نێونەتەوەیەدا بێدەنگی هەیە، بۆیە هاوکات رێپێوانەکەش لە دژی بێدەنگی دەبێت. هەم لە پیلانگێڕییەکە و هەموو لە گۆشەگیرییەکەدا هێزە نێودەوڵەتییەکان بە بەرپرسیار دەزانین. لەبەر ئەوەش گەلی کورد ئێستا لە هەموو شوێنێک بەرەنگاری دەکات و سیاسەتى چەپەڵ و باڵادەستیان بەروویاندا دەکێشێتەوە".

بەرخودانى ئازادیى کوردانە

نەورۆز سەرحەد باسی ئەوەشیکرد، بەرخودانى لەیلا گیوڤەن گەیشتووەتە ئاستێکى نێونەتەوەیى و ئەوەشی وت "دونیا لە کەسایەتیى ژنی کورد دا جارێکیتر شایەتى بەرخودانى ئازادیى گەلی کوردە، بەرخودانى لەیلا و هەڤاڵەکانمان سیاسەتى باڵادەستەکانى هەژاندووە. ئێمەش بە رێپێوانەکەمان ئەو سیاسەتانە لەقاو دەدەین و ئەوەندەى تر دەیانهەژێنین. بەرخودانەکەى خۆمان بەرفراوانتر دەکەین و رێبەرەکەمان ئازاد دەکەین. هەر چۆن چیاگەر وتى 'چی دەبێت با ببێت، بەڵام ئەنجامەکە بێ هاوتاو بێ وێنە دەبێت!'،".

ر.م