رێپێوانە درێژمەوداکەی گەنجان لە ئەلمانیا لە دووهەم رۆژیدا بەردەوامە

رێپێوانە درێژمەوداکەی گەنجانی کورد کە بۆ ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئەلمانیا بەڕێوە دەچێت، لە دووهەم رۆژیدا بەردەوامە.

دووهەم رۆژی رێپێوانەکە بە دروشمی "ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، هەموومان بە یەکەوە راپەڕین" بەڕێوە دەچێت.

گەنجانی کورد داوای ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکەن. رێپێوانە درێژمەوداکە دوێنێ ٥ی ئەیلول لە شاری هانۆڤەری ئەلمانیا دەستی پێکردبوو. دووهەم رۆژی رێپێوانەکەش لە شاری لەهرتە دەستی پێکرد.

گەنجان بەر لە دەستپێکردنی رێپێوانەکە هەڵپەرکێیەکیان ساز کرد و بەشێک لە بەشداربوونان و رێکخەرانی رێپێوانەکەش گوتوبێژیان لەبارەی پلانەکانی دووهەم رۆژی رێپێوانەکە کرد. هاوکات لە بارەی دروستکردنی گێرەشێوێنی لە کاتی بەڕێوەچوونی رێپێوانەکەدا، هۆشداری درایە بەشداربووانی رێپێوانەکە.

رێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشم بە زمانی کوردی و ئەلمانی بۆ ئازادی ئۆجالان دەستیپێکرد و هاوکات هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئیدانە کران.

هەروەها بەشداربووانی رێپێوانەکە، خۆڕاگریی گەریلاکانی ئازادیان لە حەفتانین بەرز نرخاند.

لە دووهەم رۆژی رێپێوانە درێژمەوداکەدا، ئەو لاوە ئیزدیە ١٥ ساڵییە بە ناوی ئەکران کە لە شاری جەلەی ئەلمانیا لە لایەن رەگەزپەرەستە ئەلمانەکانەوە بە چەقۆ کوژرا، یاد کرایەوە.

گەنجان بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ئەو هێرشە رەگەزپەرەستیە، بە زمانی ئەلمانی پانکارتی "لە دژی رەگەزپەرەستی لە ئەلمانیا و لە هەموو شوێنێک لە خۆڕاگریدا دەبین" بەرز کردەوە.

بڕیار وایە گەنجان ئەمڕۆ لە شاری لەهرتەوە بۆ جەلە، بە درێژایی ١٥ کیلۆمەتر رێبکەن.

ز.ش