زۆرینەى ئەڵمانییەکان دەڵێن "با ئەردۆغان کۆبوونەوە و بانگەشەی جەماوەری رێکنەخات"

بەپێى دوایین راپرسییەکان لە ئەڵمانیا، زۆرینەى ئەڵمانیاییەکان نایانەوێت ئەردۆغان لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە و بانگەشەی جەماوەرى رێکبخات و کارى هاندان بەرامبەر بە هاووڵاتییانى تورک لە ئەڵمانیا ئەنجام بدات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەمدواییانەدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەوڵەتى ئەڵمانیادا بەرەوپێش بردووەتەوە. ئەردۆغان لە دواى چەندین ساڵ لە ٢٨ و ٢٩ى ئەیلولی ٢٠١٨دا بەشێوەى فەرمی سەردانى ئەڵمانیا دەکات.

ئۆپۆزسیۆنى ئەڵمانیا و بەشێکى گرنگی راى گشتیى ئەڵمانیا نایانەوێت ئەردۆغان بە مەراسیم لەلایەن دەوڵەتەوە پێشوازیى لێبکرێت.

ئەردۆغانیش دەویەێت ئەو سەردانە کە لەسەر بانگهێشتى دەوڵەتى ئەڵمانیا رێکخراوە بکاتە نمایشێک بۆ خۆی.

تا ئێستا دەرکەوتووە، ئەئردۆغان دەیەوێت قەدەغەى کۆبوونەوەى جەماوەری و کەمپەین و بانگەشە بۆ سیاسەتمەدار و وەزیرەکانى ئاکەپە، کە لە ریفراندۆمی ١٦ى نیسانی ٢٠١٧ و دواى ئەوەش لە هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیرانى ٢٠١٨دا لە ئەڵمانیا خرابوویە سەریان لاببرێت، بەڵام ئەو داوایەى ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە زۆرینەى ئەڵمانییەکان نایانەوێت سیاسەتمەدارانى ئاکەپە لە وڵاتەکەیاندا کەمپەین و بانگەشە و کۆبوونەوەى جەماوەرى بەڕێوەببەن.

بەپێى راپرسییەکى کۆمپانیاى ئینسای بۆ راپرسی لە ئەڵمانیا ٦٥.٨% ئەڵمانییەکان نایانەوێت ئەردۆغان لە شوێنى کراوەدا کۆبوونەوە و میتینگ و بانگەشە بۆ هاووڵاتییانى تورک لە ئەڵمانیا بەڕێوەببات. تەنها ١٤%ی بەشداربوانى راپرسییەکە ئەو جۆرە کۆبوونەوانەیان بەلاوە ئاساییە و ١٩%ی بەشداربوانى تریش لە وەڵامدا وتویانە "نازانین" و بۆچوونی خۆیان بەوشێوەیە خستووەتەڕوو.

ئەردۆغان بۆ رێکخستنى کۆبوونەوەى جەماوەرى لە کۆلن هیچ وەڵامێکى پێنەدراوەتەوە

هەفتەى رابردوو لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، ئاکەپە بۆ رۆژی ٢٩ى ئەیلول و بۆ سەردانى ئەردۆغان بۆ کۆلن دەستى بە ئامادەکاری کردووە و بە دواى هۆڵى کراوەى گەورەدا گەڕاون و رایانگەیاندووە، ئەگەر لە کۆلن هۆڵی گەورەى کراوەیان دەست نەکەوێت هەوڵ دەدەن لە بەرلین شوێنێکیان بۆ کۆبوونەوەکەى ئەردۆغان دەست بکەوێت.

بەپێى دوایین زانیارییەکان تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە هۆڵە گەورە و کراوەکانى کۆلن وەڵامى داواکەى ئاکەپەیان نەداوەتەوە.

هەروەها سەربارى داواکارییەکەى رژێمەکەى ئەردۆغان بۆ هەڵگرتنى ئەو قەدەغەیە لەسەر سیاسەتمەدارانى حیزبەکەى، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرلین وەڵامى ئەو داواکارییەى نەداوەتەوە.

هەندێک لە بەرپرسانى دەوڵەتى ئەڵمانیا وتویانە "ئێمە تەنها ئەردۆغانمان بۆ چاوپێکەوتنى فەرمی لەگەڵ دەوڵەت بانگهێشتکردووە نەک بۆ چاوپێکەوتنى تایبەت و نامانەوێت نمایش بکات".

ئەردۆغان لە شوباتی ٢٠٠٨ لە هۆڵی کراوەى ئەرینا لە کۆلن لە داواکارییەکدا بۆ لایەنگرەکانى و بەچاوپۆشین لە تاوانەکانى دەوڵەتەکەى و ئەوەى لە تورکیا بەرامبەر بە کورد و بۆ توانەوە و سڕینەوەى کورد ئەنجام دەدرێت وتبووی "دەبێت هیچ کەس لە ئێوە چاوەڕێى ئەوە نەبێت کە ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەى (توانەوەى لە ناو گەلی ئەڵماندا) کارێکى باش و گەشبینانەیە، چونکە ئاسیمیلاسیۆن و توانەوە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە و دەبێت بەو شێوەیە سەیری سیاسەتى توانەوە و سڕینەوە (ئاسیملاسیۆن) بکەن کە بەرامبەرتان ئەنجام دەدرێت".

ر.م