لە بەرلین یادی سەید رەزا و هەڤاڵەکانى بەرز راگیرا

لە شاری بەرلینى پایتەختی ئەڵمانیا یادی ٨١هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید رەزا و هەڤاڵەکانى کرایەوە و یادیان بەرز راگیرا.

چالاکیى یادکردنەوەکە لەلایەن دەستپێشخەریى ئازادیى دێرسیمەوە رێکخرابوو و لە بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا لە بەرلین بەڕێوەچوو.

ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد (نەجەدەکە - NCDK)، ئەنجوومەنى ژنانی (DEST-DAN) لە بەرلین، پەیەدە لە بەرلین، پارتی چەپ لە بەرلین و (AvEG-KON) پشتیوانییان لە چالاکییەکە کرد.

یەکێتیى دێرسیمییەکان لە ئەوروپا (ئادەف - ADEF) و ئەنجوومەنى سەرلەنوێ بونیادنانەوەى دێرسیم پەیامی پشتیوانیان بۆ چالاکییەکە ناردبوو.

دەستپێشخەریى ئازادیى دێرسیم لە چالاکییەکەدا راگەیاندراوێکى خوێندەوە و رایگەیاند، گەلی دێرسیم بەبێ چەک و پاراستن کۆمەڵکوژ و جینۆساید کراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "دڵمان ئازاری هەیە، بەڵام سەربەرزین. ئێمە نەفرەت لەو زوڵمە، لەو بێویژدانییە و لەو نامەردییە دەکەین و ئیدانەیان دەکەین".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خرابووە روو "بۆ ئەوەى سەید رەزا و هاوڕێکانیانمان لەبیر نەچێتەوە، هەموو کات یادیان بە بەرزی رادەگرین. ئێمە لە کوردستان، لە تورکیا، لە ئەوروپا و زۆر ناوچەى تری جیهان بە رێزەوە یادیان دەکەینەوە".

باقی سەلجوق نوێنەری (AvEG-KON) رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە یاسای تایبەت کوشتار و کۆمەڵکوژیی لە دژی گەلی دێرسیم ئەنجامدا.

سەلجوق راشیگەیاند "ئەوە سیاسەتى چۆڵکردن و وێرانکردنى دێرسیم بوو، کە ئامادە نەبوو سەر بۆ زوڵم دانەوێنێت. ئەو سیاسەتە هێشتا لە کوردستان بەردەوامیى هەیە".

ر.م