لە شاری لۆرنیتی فەرەنسا گۆشەگیری ئیدانە کرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لۆرینتی فەرەنسا بە رێکخستنی چالاکییەک گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان ئیدانە کرد.

لە سەر داوای کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا و بزووتنەوەى ژنانی کورد لە فەرەنسا، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لۆرینتی فەرەنسا گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هەروەها گوشارەکانی سەر هەدەپە، زیندانیکردن و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک-یان بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان ئیدانە کرد.

لە چالاکییەکدا راگەیاندراو بە زمانی فەرەنسی بڵاوکرایەوە و سڵاو لە بەرخودانی حەفتانین کرا، کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک و پەدەکەى هاوکاری بۆ سەر باشووری کوردستان بە قارەمانییەوە بەڕێوەدەچێت.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە زۆر زیاتر بەهێزتر دەبێت. رەخنەش لە دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا گیرا، کە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بێدەنگن.

دۆستانی کورد لە لۆرینت بە تایبەتمەندی و رەنگی خۆیانەوە بەشداری چالاکییەکە بوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ کوردان خستەڕوو.

چالاکییەکە بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و 'بمرێ خیانەت' کۆتایی پێهات.

ژ.ت