لە فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانى ئەڵمانیا ٢ هەزار وەرگێڕ دەرکران

لە فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانیى ئەڵمانیا ئابڕوچوون کۆتایى پێنایەت. راگەیاندرا، تەنها لە ماوەى یەکساڵدا ٢ هەزار وەرگێڕ لەو فەرمانگەیەدا دەرکراون.

لە فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانیى ئەڵمانیا ئابڕوچوون کۆتایى پێنایەت. راگەیاندرا، تەنها لە ماوەى یەکساڵدا ٢ هەزار وەرگێڕ لەو فەرمانگەیەدا دەرکراون.

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانى ئەمدواییەى ئەڵمانیا، ئابڕوچوونەکانى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانى فیدراڵ (BAMF)ە. چەند رۆژ لەوە پێش سەرۆکى پێشووى فەرمانگەى (BAMF) لە ویلایەتی بریمن بە تۆمەتى وەرگرتنى بەرتیل لەو پەناخوازانەى داواى مافى پانەبەرییان کردبوو لەسەر کار دەرکرا. دواتریش لێکۆڵینەوە لە سەر بەرتیلخۆری و کارەکانى دەستیپێکردبوو.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لە میدیاکانى ئەڵمانیادا بڵاوکراونەتەوە، ئەو بەڕێوەبەرە ژنە کە لەکارەکەى دەرکراوە، چووەتە ناو سیستمى فەرمانگەکەوە و داواى پەنابەریى ١٢٠٠ پەناخواز، کە زۆرینەیان ئێزیدیى خەڵکى رۆژئاواى کوردستانن، پەسەند کردووە.

داواکارى گشتیى بریمن رایگەیاندبوو، داواى مافى پەنابەریی، پەناخوازان خراپ بەکارهێنراون و بەهۆى گومان لەسەر تاوانى رێکخراو، دەستیان بە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە کردووە.

تا ئێستا زانیاریى روون لەبارەى وەرگرتنى بەرتیل بۆ وەرگرتنى داواى پەناخوازى و دواتر وەرگرتنیان وەک پەنابەر بۆ راى گشتى نەخراوەتەڕوو.

بەڕێوەبەرێکى ئەو فەرمانگەیە، کە ناسنامەکەى بڵاونەکراوەتەوە رایگەیاندووە، باس لە پەیوەندیى نێوان رێکخراوی (Pro Asyl) و داواى پەنابەریى ئێزیدییەکان لە گۆڕێدایە.

رۆژنامەى برانش وایگە زایتۆن (Braunschweiger Zeitung) بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرى پێشووى لقی کۆچ و کۆچبەران لە بریمن، پەسەندکردنی داواى پەنابەریى پەناخوازە ئێزیدییەکانی لە بەرامبەر پارەدا ئەنجام نەداوە.

یەکێکى تر لە ئابڕوچوونەکانى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەران بابەتى وەرگێڕەکانە. وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا لەو بارەیەوە وەڵامى پرسیارەکانى پارتى چەپى داوەتەوە و لە وەڵامەکەدا راگەیەندراوە، لە نێوان ساڵى ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا ٢١٠٠ وەرگێڕ لە فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەران (BAMF) دەرکراون.

بەپێى روونکردنەوەکەى وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا، ژمارەی وەرگێڕەکان لە ٧٥٠٠ کەسەوە بووە بە ٥٢٠٠ کەس.

لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیادا خاڵێکى سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە ٣٠ وەرگێڕ بێلایەنانە نەجوڵاونەتەوە و لەبەر ئەوە لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

بڕیار لەسەر دۆخى ئەو پەناخوازانەى کە لە ئەڵمانیا داواى مافى پەنابەرى دەکەن، لەلایەن فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانى فیدراڵى ئەڵمانیا (BAMF)ەوە دەردەکرێت.