لە ڕەقە کار بۆ نەهێشتنی سیماکانى شەڕ دەکرێت

دوو ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر ئازادکردنی شاری ڕەقەدا. ئەنجوومەنی مەدەنیی شاری ڕەقەش هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی سیماکانی شەڕ لەو شارە نەهێڵێت و ژیانێکی ئارام بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

ڕێباز حەسەن - ڕەقە

شەڕڤانانی قسەدە لە ئەنجامی هەڵمەتی توڕەیی فورات، کە بە ٥ قۆناغ بەڕێوەچوو توانییان ڕەقەی پایتەخەتی بەناو خەلافەتی ئیسلامیی داعش ئازاد بکەن و شارەکە لە چەتەکان پاک بکەنەوە. ئێستا ئەو شارە ژیانی ئاسایی بۆ گەڕاوەتەوە هاووڵاتییان لە سایەی ئەنجوومەنی مەدەنیی ئەو شارەدا ئاسوودەن.

شاری ڕەقە دەکەوێتە باکوری سوریا  لە سەر  ڕووباری فورات، ٢٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری مێژوویی حەلەبەوە دوورە  و ناوەندێکی گرنگی سیاسییە. لە بواری ئابوورییەوە پشت دەبەسێت بە کشتوکاڵ و بازرگانی.

'بێزەنتییەکان ڕەقیان دروستکردوە'

بە پی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان دروستکردنی شاری ڕەقە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (٢٤٢ بۆ ٢٤٤ پ.ز) لە سەردەمی  بێزەنتەیییەکان. تا ئێستاش چەندین شوێنەواری گرنگی ئەو سەردەمە بەجێماوە وەک قەڵا (سووری) ڕەقە، کە بە ڕەقەی کۆن ناسراوە. هەرەوها یەکێکی تر لە پاشماوە گرنگەکان کۆشکی کچانە، کە سەرەتای دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلیفە هارون ڕەشید لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی دا.

'شارێکی فرە ڕەنگە'

لەگەڵ ئەوەی ڕەقە عەرەبی سونە ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشواتنی  پێکدەهێنن، بەڵام هاوکات لەو شارە هەر یەک  لە نەتەوەکانی، کورد، ئاسوری و تورکمان دەژین لە مێژووژدا تا ئێستا خاوەن پێگە و ڕۆڵی گرنگن.

 لە دوای دەستپێکردنی شەڕ ئالۆزییەکان لە سوریا شاری ڕەقەشی وەک تەواوی شارەکانی تری سوریا بێبەش نەبوو لەو شەڕ و پێکدادانە. لە ئەنجامدا چەندین گروپی توندڕەو و چەتەی وەک سوپای ئازاد دواتر بەرەی نوسرە ئەو شارەیان کردە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لە دواجاریشدا لەگەڵ سەرهەڵدانی  چەتەکانی داعش لە ٢٠١٤ ڕاگەیاندنی بەناوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) شارەکەیان داگیر کرد و کردیانە  پایتەختی دەوڵەتەکەیان و کردیانە ناوەندێکی ترس و تۆقاندن و سەربڕین و ساپاندنی بەزۆری بیری توندڕەوی و سەربڕینی مرۆڤەکان و هەزار هاووڵاتییان لەو شارەدا کۆمەڵکوژ کرد.

'قەسەدە گەلی ئازاد کرد'

دواجار هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە)هەڵمەتی توڕەیی فوراتیان لە ساڵی ٢٠١٥ دەستپێکرد بۆ ئازادکردنی شاری ڕەقە و ڕزگار کردنی گەلی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی چەتەکانی داعش، ئەو هەڵمەتە  بە ٥ قۆناغ بەڕێوە چوو. لە ساڵی ٢٠١٧ بە ئازادکردنی شاری ڕەقە کۆتایی پێهات.

لە کاتی  بەڕێوەچوونی هەڵمەتی تورەیی فورات بۆ ئازادکردنی شاری ڕەقە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار هاوڵاتی لەو شارە کۆچیان  کرد بۆ شارۆچکەی عەین عێسا و بە هۆی شەڕو وێران بوونی ماڵەکانیان.

 لە دوای پاککردنەوەی تەواوی شارەکە لەو بۆمبانە، کە داعش چاندبوونی و مەترسیی چەکداریی داعش لە شارەکە دوورخرایەوە،  دوای  ٩ مانگ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتای سەرکەوتن بەسەر چەتەکاندا،  ئەنجوومەنی مەدەنیی شارەکە دامەزرا، کە پێکدێت لە ١١٠ ئەندام لە هەریەک لە نەتەوەکانی عەرەب، کورد، تورکمان ئاسوری. ئەنجوومەنەکە بەپێى رێژەى دانیشتوان دابەشکراوە.

لە ئێستادا ٢ ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر ئازادکردنی شاری ڕەقە و  ئێمە وەک تێمەی بەشی  سۆرانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بە ئامانجی زانیاریی زیاتر لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئەو شارە  سەردانی ڕەقەمان کرد و لەسەر ژیانی گەل و ئەو خزمەتگوزارییانەی لەلایەن ئەنجوومەنی مەدەنیی ئەو شارەوە پێشکەشی هاووڵاتییان کراوە بەدوا داچوونمان کرد.

'شار نۆژەن کراوتەوە'

 لە گەڕانەکەمان بە ناو شاردا ئەوەمان بەدی کرد، کە شار و شەقامەکانی لە پاشماوەکانی جەنگ پاککراوتەوە و ژیان تا ئاستێکی باش ئاسایی بووەتەوە. ڕێژیەکی بەرچاو لە خەڵکی ڕەقە گەڕاونەتەوە شارەکەیان و دوکان کارەگەکان  کەوتونەتەوە کار، هێزەکانی ئاساێش لە ناو شارد بڵاو بوونەتەوە بۆ پاراستنی ئارامی شارەکە.

'شۆکی داعش تێنەپەڕیوە'

لە گەڵ ئەوەی ئەنجوومەنی مەدەنیی شارەکە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارام بۆ گەل بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەی تێبینمان کرد، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان  تا ئێستا بەتەواوی نەیانتوانیوە شۆکی چەتەکانی داعش تێپەڕێنن. بەشێکیش کەس و ئازیزیان بەهۆی شەڕەوە کوژراوە، بۆیە تا ئێستاش هاووڵاتییانی ئەو شارە ڕەنگ و ڕوویکی خەمباریان هەیە، بۆ تێپەڕبوونی ئەو  دۆخە دەروونییە کات وکاری زیاتری دەوێت.

 بە ئامانجی زانیاریی زیاتر لەسەر ڕەوشی شارەکە و  پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەلایەن ئەنجوومەنی مەدەنی شارەکەوە هاوسەرۆکی شارەوانیی رەقە ئەحمەد خزر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  قسەی کردو وتی: "لە دوای پاککردنەوەی شارەکەمان لە چەتەکانی داعش ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی شارمان دامەزراند. گەیشتینە ئەو ئەنجامە، کە دەبێت بەشێوازێکی خێرا بەو ئیمکانەی لە بەردەستماندایە خزمەتی شارەکە بکەین، بۆیە بڕیارماندا کاری یەکەممان پاککردنەوەی شارەکە بێت لە پاشەماوەکانی شەڕ. بۆ ئەو مەبەستەش  تاکو ئێستا تونیومانە لە ٪٦٠ شارەکە لە خاشاک و بینا ڕووخاوەکانی پاشماوەی  جەنگ خاوێن بکەینەوە".

هەروەها هاوسەرۆکی شارەوانیی ڕەقە وتیشی، "یەکێکی تر لەو کارە سەرەتایانەی ئێمە دەستمان پێکرد دابینکردنی بۆرییەکانی ئاو بوو، کە لە ئەنجامی شەڕ تێکچووبون. تا ئێستا توانیومانە بەشێکی زۆری کێشەی ئاوی شارەکە چارەسەر بکەیەن ئاو خاوێن بۆ هاووڵاتییان دابین  بکەین".

دەربارە چاککردنەوەی شەقامەکان و ڕێگاوبان و نۆژنکردنەوەی ئەو ڕێگایانە خراپ بوون ئەوەشی وت: "لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوو توانیومانە ٢٥٠ هەزار مەتر چوار گۆشەی شەقامەکانی ناوەوە و دەرەوەی شار چاک بکەیەنەوە و قیرتاویان بکەین".

 لە بواری تەندروستیش ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، هەنگاوی گرنگیان ناوە، بەڵام تاکو ئێستا وەک پێوست نییە و بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی پێوستیان بە هاوکاریی زیاتری ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ  و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە.

'پلانی خزمەتکردنی باشترمان هەیە'

دەربارەی کارو پالانی داهاتویان هاوسەرۆکی شارەوانیی ڕەقە باسی ئەوەیکرد: "پلانی داهاتومان ئەوەیە سیستمی پەروردە باشتر بکەین و پێداویستییەکانی پەروردە پەرە پێ بدەین، خوێندگەکان نۆژەن بکەینەوە و ئاوی خاوێنیان بۆ دابین بکەین".

باسی ئەوەشیکرد "جگە لەوانەش دەمانەوێت لە داهاتوودا پردێکی نوێ لە نێوان باکوور و باشووری ڕەقە دروست بکەین. هەروەها پردە کۆنەکانیش نۆژەن بکەینەوە".

مەیدانی نەعیم لە قەسابخانەی مۆرڤەکانەوە بۆ مەیدانی ئازادی

مەیدان نەعیم  دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ڕەقە. کاتێک شارەکە بە دەستی چەتەکانی داعشەوە بوو ئەو مەیدانەیان کردبووە  قەسابخانەی مرۆڤەکان و سەری مرۆڤیان لە لاشەی جیا دەکردەوە. بە پەرژینی مەیدانەوەکەوە کەلەسەرەکانیان هەڵدەواسین و بەو شێوە ترس تۆقاندنیان لە دەڵی هاووڵاتییانی ئەو شارەوە بڵاو دەکردەوە، بەڵام دوای ئازادکردنی ئەو شارە لەلایەن هێزکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، جاریکی تر بە شێوازێکی نوێ نۆژنکرایەوە و سیماکانی ترساندنیان پێوە نەهێشت. ئێستا مەیدانى نەعیم بووەتە شوێنێکی حەوانەوەی هاووڵاتییان و تیایدا کۆ دەبنەوە بە ئازادانە بیروڕاکانیان لەگەڵ یەک دەگۆڕنەوە، بووەتە مەیدانیک بۆ ئازادیی ڕادەربرین.

ژنان لە کاتی دەسەڵاتی داعش بۆیان نەبوو بەبێ باوک، یان برا یاخود هاوژین لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا بە پێچەوانەوە کچانی ڕەقە ئێواران بەبێ بوونی کەس و واریس لە مەیدانی نەعیم (مەیدانی ئازادی) کۆدەبنەوە و بیروڕاکانی خۆیان دێننە زمان.

دوو خوشک بەناوی ئەسیل محەمەد و حەنان محەمەد کە مەبەستی هەوا گۆڕین لە مەیدانی نەعیم دانیشبوون بۆ ئێمە قسەیان کرد و ئاماژەیان بەودا: ئێستا ژینیان خۆشە. بە شە و ڕۆژ بە شێوەیکی ئازادانە لە ماڵەکانمان دەێینە دەرەوە و شار ئارامە ترسمان نەماوە.

'ئێستا ژیان خۆشە'

هەروەها هاووڵاتییەکی تر بە ناوی محەمەد خەڵەف خۆی و منداڵەکانی هەر لە هەمان مەیدان دانیشبوون پێى وتین، لەکاتی داعش ماندوو بوین و ژیان زەحمەت بوو،  دەبوو پیاوەکان ڕیشیان هەبا و سمێڵیان کورت کردبایەتەوە و شەڕواڵی کورتیان لەپێ بکردایە، بۆیە من لەو کاتە لە ماڵ نەدەهاتمە دەرەوە هەر دەخەوتم، بەڵام ئێستا ژیان خۆشە. داواکارییان ئەوەیە بژیویی ژیان باشتر بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ڕەقە زیاتر دڵخۆش بن.

ژ.ت