مانگرتن لە خواردنی لەیلا گیوڤەن لە ٧٣هەمین رۆژدایە

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە لە ٧٣هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدایە و پارێزەرەکانى رایانگەیاند، تای زۆر بووە و سکیشی هەڵدەگوشرێت.

باری تەندروستیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە، کە بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٧٣ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە، بەرەوخراپبوون دەڕوات.

ئەمشەوی رابردوو پارێزەرانى گیوڤەن چوون بۆ بینینى لەیلا گیوڤەن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدا.

پارێزەران بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)یان راگەیاند، تای لەیلا گیوڤەن بەرزبووەتەوە و زەختیشی دابەزیوە.

پارێزەرانى لەیلا گیوڤەن راشیانگەیاند، دڵی گیوڤەن بە توندی لێدەدات، گەدەى خاو دەبێتەوە و سکی هەڵدەگوشرێت و بەو هۆیانەشەوە زۆر بە قورسی و ناڕەحەتى دەتوانێت خۆی بجوڵێنێت.

ر.م