ناویان ناوە "ئاڵتای" و هەموو پارچەکانیشی ئەڵمانییە!

ئەو تانکە، کە رژێمی ئەردۆغان ناوی ناوە "ئاڵتای" و بڕیارە سەرەتا ٢٥٠ دانەى لێدروست بکرێت، مەکینەکەى و هەموو پارچەکانی و چەکەکانى ئەڵمانین. بە پارەى ئەل بوخاریى مالیزیایى و شانشینی قەتەریش دروست دەکرێت. مەکینەکەى، پارچەکانى، چەکەکەی و پارەکەى تورکی نییە.

ماوەى چەند ساڵێک دەسەڵاتەکەى ئەردۆغان باس لە دروستکردنى تانکێک بە ناوی "ئاڵتای" دەکات. رۆژی هەینیى رابردوو هەنگاوی یەکەم بۆ دروستکردنى نرا. بۆ دروستکردنى ئەو تانکە لە نێوان سەرۆکایەتیى پیشەسازیى سەربازیى دەوڵەتى تورک و کۆمپانیای بی ئێم سی (BMC)، کە ئەدهەم سانجاک خاوەنداریى دەکات و کەسێکى نزیکە لە ئەردۆغانەوە، مەراسیمێکى هاوبەش بۆ واژۆکردنى رێککەوتنى دروستکردنەکەى بەڕێوەچوو.

دەسەڵات و راگەیاندنەکانى ئەردۆغان دەڵێن "ئەو تانکە هەمووی لەلایەن تورکیاوە دروست دەکرێت و سەرمایەگوزارییەکەشی لەلایەن کۆمپانیاى ناوخۆیى دەکرێت نەک بیانی، بۆیە کاری دروستکردنى تانکەکە بە کۆمپانیای (BMC) دراوە".

بەڵام راستییەکە زۆر جیاوازترە!

یەکەم: ئەو تانکە تەنها لەلایەن (BMC)ەوە دروست ناکرێت. تانکەکە لەلایەن کۆمپاناییەک بە ناوی "راین میتال و بی ئێم سی بۆ پیشەسازیى سەربازی (RBSS)"ییەوە دروست دەکرێت. ئەوەش کۆمپانیاکە، کە لە نێوان بی ئێم سی و کۆمپانیاى چەکی ئەڵمانیا (راین میتال - Rheinmetall) بۆ بەرهەمهێنانی ئەو تانکە دروستکراوە.

دووەم: کاتێک بەدواداچوونێکى بۆ بکرێت ئەوە روون دەبێتەوە، کە مەکینە و سیستمی چەک و هەموو پارچەکانى تانکەکە لە (ئەی - A)یەوە بۆ (زێد - Z) ئەڵمانییە.

هەروەها ئیسماعیل دەمیر سەرۆکى پیشەسازیى سەربازیى تورکیا لە مەراسیمى واژۆکردن بۆ دروستکردنى تانکەکە وتى، تازە بە تازە دەستیان کردووە بە کارکردن بۆ دروستکردنى مەکینەى تانکی ئاڵتای. بەوەش دانی بەوەدا نا، کە مەکینەى تانکەکە بیانییە و دەخرێتە سەر تانکەکەیان.

دەمیر لە وەڵامى پرسیاری رۆژنامەنووساندا ئەوەشى وت "یەکەم تانک دوای ١٨ مانگی تر دروست دەکرێت. تا ئەو کاتە مەکینەکەمان بەدەست ناگات. مەکینەکە لە تاقیگەی ئەڵمانیادایە. تا ئێستاش لەلایەن ئەڵمانیاوە ئەو قسەیە بە ئێمە نەگەیشتووە، کە لە هەندێک شوێن دەوترێت ئەڵمانیا وتویەتى 'مەکینەکەیان پێنادەین'."

سانجاک ٣ هاوبەشی بیانیى هەیە!

پرۆژەکە بۆ دروستکردنى هەزار – ١٠٠٠ تانکی "ئاڵپای"یە و ئەوەش بودجەکەى ٧ ملیار یورۆیە. بڕیارە سەرەتا ٢٥٠ تانکی لێدروست بکرێت. هاوبەشێکى کار و بارزگارنیى ئەردۆغان، کەسێکە بە ناوی ئەدهەم سانجاک. سانجاک بەوە بە ناوبانگە، کە بە ئەردۆغانی وتوە 'با تەمەنی بنەماڵەکەم بە فیدای تۆ بێت' و بە بەردەوامى خۆی دەڵێت، شێت و شەیدای ئەردۆغانە.

 سانجاک خاوەنی کۆمپانیای (بی ئێم سی - BMC)یە. لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمپانیاکەى دەستیکرد بە دروستکردنى بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ دەوڵەتى تورک.

کۆمپانیاى بی ئێم سی (BMC)ى سانجاک لە ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ کۆمپانیای چەکی راین میتال (Rheinmetall)ی ئەڵمانیادا، کۆمپانیای راین میتال و ئێم بی سی بۆ پیشەسازیى سەربازی (RBSS)یان بە سەرمایەکى زۆرەوە دروستکرد بۆ دروستکردنی کەلوپەل و کەرەستەى ستراتیژیى سەربازی.

بۆ ئەوەى کۆمپانیای بی ئێم سی (BMC) بتوانێت کارەکانى بە باشی لەگەڵ راین میتال (Rheinmetall)ی ئەڵمانیادا بەڕێوەببات، ئەندازیارێکى بە ناوی محەمەد چیمشیر لەسەر کۆمپانیای راین میتال و ئێم بی سی بۆ پیشەسازیى سەربازی (RBSS) داناوە. ئەو ئەندازیارە لە ئەڵمانیا گەورە بووە و خوێندنى تەواو کردووە و بووەتە ئەندازیار.

بە گشتی ٤٠%ی سەرمایەی کۆمپانیای راین میتال و ئێم بی سی بۆ پیشەسازیى سەربازی (RBSS) هی کۆمپانیای راین میتال (Rheinmetall)ی ئەڵمانیایە.

مالیزیا هاوبەشی سێیەمی پرۆژەکەی تورکیایە بۆ دروستکردنی ئەو تانکە. سەید موختار ئەل بوخاری میلیاردێری مالیزیایى،  لایەنگرێکى گرنگی ئەردۆغانە لە مالیزیا. لە مالیزیا وەقفێکى هەیە. وەقفەکەى ئەو دەوڵەمەندە مالیزیاییە لەگەڵ وەقفی (تورگەڤ - Turgev)ی بیلالی کوڕی ئەردۆغاندا کاری هاوبەش دەکەن. سەرمایەى دروستکردنى کەلوپەل و کەرەستەکانى تانکەکە لەلایەن ئەو بازرگانە مالیزیاییەوە دابین کراوە و هاوبەشی تانکەکەى تورکیایە.

خاوەنەکانى تانکی "ئاڵتای" هەر ئەوانە نین. شانشینی قەتەریش، کە پشتیوانى ئەردۆغانە هاوبەشێکى گەورەی کۆمپانیای راین میتال و ئێم بی سی بۆ پیشەسازیى سەربازی (RBSS)ە و پارەیەکى زۆری کردووەتە پرۆژەکەوە.

ئەوەش ئاشکرا بووە، کۆمپانیای راین میتال و ئێم بی سی بۆ پیشەسازیی سەربازی (RBSS) تەنها خۆی لە بابەتى دروستکردنی تانکی "ئاڵتای" دا نابینێتەوە، بەڵکو ساڵی رابردوو لە میدیا نێونەتەوەییەکاندا بڵاوکرایەوە، کە کۆمپانیای راین میتال و ئێم بی سی بۆ پیشەسازیی سەربازی (RBSS) هەر وەک تانکی "ئاڵتای" بۆ تورکیا، هەزار – ١٠٠٠ زرێپۆشیش بۆ قەتەر دروست دەکات.

ر.م