نەتەوە یەکگرتووەکان: ١٣ هەزار پەناخواز لەسەر سنووری یوناندان

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەلانیکەمەوە ١٣ هەزار پەناخواز لە سنووری تورکیاوە چوونەتە سەر سنووری یونان.

رێکخراوى کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سنوورێکی ٢١٢ی کیلۆمەتریدا بەلانیکەمەوە ١٣ هەزار پەناخواز کۆبوونەتەوە.

رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، لە ناو ئەو پەناخوازانەدا بنەماڵە، ژن و منداڵیش هەن.

یەکێتیى ئەوروپا "نیگەرانە"

دواى ئەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بڕیاریدا دەرگای ئەوروپا بۆ چوونی پەناخوازان بۆ ئەوروپا بکاتەوە، یەکێتیى ئەوروپا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

ئورسولا ڤۆن دێر لەین سەرۆکی ئەنجوومەنى ئەوروپا لە تویتەرەکەیدا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە "نیگەرانییەوە" کۆچی پەناخوزان بەرەو سنوورەکانى یونان و بولگاریا چاودێری دەکەن.

دێر لەین وتیشی "لەم قۆناغەدا کاری سەرەکیمان ئەوەیە پشتیوانییەکى بەهێز لە یونان و بولگاریا بکەین. لە رێگەى رێکخراوى چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیى ئەوروپاوە ئامادەین هاوکارییەکى بەهێز لە سنوورە وشکانییەکاندا پێشکەش بکەین".

وەزیری ناوخۆی تورکیا: ٤٧ هەزار پەناخواز چوونەتە ئەوروپا

بەپێى لێدوانى سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتى تورک تاوەکو دوێنێ شەممە کاتژمێر ٢٣:٥٠ دا ٤٧ هەزار و ١١٣ پەناخواز لە ئەدیرنەوە چوونەتە ئەوروپا، بەڵام ئەو زانیارییە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بازرگانی مرۆڤەکان؛ ئەردۆغان

رژێمى تورک کە پشتیوانى لە چەتەکانى سوریا دەکات، لەلایەن هێزەکانى شام و بە پشتیوانیی رووسیاوە کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە دەیان سەربازی تورک کوژراون. بەپێی وتەى بەرپرسانى تورک ٣٣ سەربازیان کوژراون، بەڵام سەرچاوە هەرێمییەکان دەڵێن، ژمارەى راستەقینەی سەربازە کوژراوەکانى دەوڵەتى تورک ٣ هێندەى ئەوەیە کە رایانگەیاندووە. دواى ئەوە یەکەم کاری ئەردۆغان ئەوەبوو  سنووری کردەوە. ئەو کەسانەى بازرگانى بە مرۆڤەوە دەکەن و راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەردۆغانەوە هەیە بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو پەناخوازەکانیان راگواست بۆ سەر سنووری ئەوروپا و چەندین دیمەنیش لەو راگواستنە بڵاوکرایەوە.

 تورکیا چەندین ساڵە پەناخوازان وەک چەکێکی ستراتیژی لە دژی ئەوروپا بەکار دەهێنێت. لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەکارهێنانى پەناخوازان وەک گوشار بۆ سەر ئەوروپا تورکیا توانیویەتى چەندین میلیار یورۆ لە وڵاتانى ئەوروپی لە بەرامبەر رێگری لە کۆچی پەناخوازان وەربگرێت و هاوکات ژماریەکى زۆر لە پەناخوازان لە رێگەى گواستنەوە و ناردنیان بۆ ئەوروپا لە دەریادا خنکاون و گیانیان لە دەستداوە.

ژ.ت