نەژادپەرستەکان هێرشیان کردە سەر کرێکارە کوردەکان

کرێکارە کوردەکانی خەڵکی مێردین کە بۆ کۆکردنەوەی فندق چووبوونە شاری ساکاریای تورکیا، ڕووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستەکان بوونەوە.

لە ناوچەی شەمرەخی مێردین ١٦ کرێکار بۆ کۆکردنەوەی فندق وەک کرێکار چووبوونە ساکاریا. خاوەند کار و گوندنشینان هێرشیان کردە سەر کرێکارە کوردەکان. دوای هێرشەکە کرێکارەکان بۆ مێردێن بەڕێکەوتن. لە کاتی هێرشەکەدا کە وێنەکەشیان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە کرێکارە کوردەکان ڕووبەڕووی هێرشی خاوەن کار و گوندنشینە تورکەکان بوونەتەوە.

بارش دەمیر کە یەکێکە لەو کرێکارانە ڕایگەیاند، بەر لە هێرشەکە لەنێوان ئەوان و خاوەن کارەکەدا هیچ کێشەیەک نەبووە و وتی،"سەرلەبەیانی بۆ کارکردن چووینە ناو باخچەکە. خاوەن کارەکە بە ئێمەی وت (گەلە سەگ) و بەو شێوەیە قسەی نەشیاوی بە ئێمە وت. بۆیەش ئێمە لە باخچەکە چووینە دەرەوە.

دەمیر ئاماژەی بەوەشکرد کە خاوەن کارەکەش بەهۆی ئەوەی کرێکارەکان کاریان بەجێ هێشت دەستی بە هەڕەشە کرد و وتی،"بۆ ئێرە وڵاتی ئێوەیە. ئێرە وڵاتی ئێمەیە و وتی، لەو کاتەدا هێرشیان کردە سەرمان و ٨ کەس هێرشیان کردە سەر ٣ کرێکار و بە دار و بەرد لە ئێمەیاندا."

دوای هێرشەکە کرێکارەکان بەرەو مێردین کەوتنە ڕێ.

ف.ق