وەزیرى دەرەوەى سویسرا: دەبێت چەک فرۆشتن رابگیرێت

دیدیەر بۆک هاڵتەر وەزیرى دەرەوەى سویسرا رایگەیاند، دەبێت فرۆشتنى چەک بۆ ئەو ناوچانە رابگیرێن کە شەڕیان تێدایە.

دیدیەر بۆک هاڵتەر وەزیرى دەرەوەى سویسرا رایگەیاند، دەبێت فرۆشتنى چەک بۆ ئەو ناوچانە رابگیرێن کە شەڕیان تێدایە.

دیدیەر بۆک هاڵتەر وەزیرى پێشووی دەرەوەى سویسرا، کە ٦ مانگ لەوە پێش دەستى لەکارەکەى کێشایەوە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى تەلەفزیۆنى (RTS)ی وڵاتەکەى رایگەیاند، دەبێت سویسرا فرۆشتنى چەک بۆ ئەو ناوچانە رابگرێت کە شەڕیان تێدایە.

بۆک هاڵتەر بەبێ ئاماژە کردن بە ناوى دەوڵەتێکى دیاریکراو وتى، هەندێک دەوڵەت کە چەکیان پێدەفرۆشرێت راستەوخۆ لە ناو شەڕدان، یان هاوکارى شەڕن لە دەرەوەى سنوورەکانى خۆیان و وتیشى "بە بڕواى من دەبێت ئیتر چەک بۆ ئەو ناوچانە نەنێردرێن کە شەڕیان تێدایە، یان داواى چەک لەو وڵاتانە قبوڵ نەکرێت کە لە شەڕدان و دەبێت مرۆڤ لەو بابەتەدا شەفاف بێت".

بەرپرسى دەوڵەتى سویسرا بۆ کاروبارى ئابووری (SECO) چەند مانگ لەوە پێش لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندبوو، سویسرا ساڵى ٢٠١٧ بە بەراورد بە ساڵى ٢٠١٦، فرۆشتنى چەکى بەڕێژەى ٨% بەرزکردووەتەوە و لە ساڵى رابردوودا بە بەهای ٤٤٦ ملیۆن و ٨١٣ هەزار و ٩٣٤ فرانک چەک و کەرەستەى سەربازى بە ٦٤ دەوڵەت فرۆشتووە.

نابێت ئیتر چەک بە تورکیا بفرۆشرێت

سەربارى گوشارى لایەنە دیموکراتیکخوازەکانی سویسرا و داوایان بۆ نەفرۆشتنى چەک بە تورکیا، بەڵام سویسرا لە ساڵى ٢٠١٧دا بە های زیاتر لە ٦٤٠ هەزار فرانک چەکى بە تورکیا فرۆشت.

هەروەها چەند رۆژ لەوە پێش ٢٢ پەرلەمانتاری سویسرا داوایانکردبوو، فرۆشتنى چەک بە تورکیا رابگیرێت، چونکە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەى سنوورەکانى شەڕ لە دژى کورد دەکات.