پارتی سەوزی ئەڵمانیا پشتیوانی هەدەپە دەکات

پارتی سەوزی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ پشتیوانی لە هەدەپە دەکات. پارتی سەوزی ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هەدەپە بۆ بەدیموکراتی بوونی تورکیا.

 

پێش هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەر لە تورکیا و باکووری کوردستان، پشتگیریەکی تر بۆ هەدەپە لە ئەڵمانیا مسۆگەر بوو. پاش ئەوەی پارتی چەپی ئەڵمانیا پشتگیریی خۆی بۆ هەدەپە ئاشکرا کرد، پارتی سەوزی ئەڵمانیاش بە لێدوانێک ڕایگەیاند کە ئەوانیش پشتگیریی هەدەپە دەکەن.

لێدوانێک بەناونیشانی 'پشتگیری بۆ هەدەپە' لەسەر ماڵپەڕی فەرمی پارتی سەوزی ئەڵمانیا بلاوکراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ دەکات.

لە لیدوانەکەدا هاتووە "لە تورکیا دوو هاوپەیمانیەتیی جیاواز بە سەرۆکایەتی جەهەپە و ئاکەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا دەکەن. لەبەرامبەر ئەو دوو هاوپەیمانێتیەدا هەدەپەش هەیە. ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێبپەڕێنێت، ئەوا ئاکەپە ناتوانێت زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. هەدەپە لە تورکیا نوێنەری ژمارەیەکی زۆر لە هێزە لیبراڵی و دیموکراتیەکانە".

'هەدەپە بۆ بە دیموکراتیبوونی تورکیا تێدەکۆشێت'

پارتی سەوزی ئەڵمانیا، لە لێدوانەکەیاندا دەستنیشانیان کردووە کە هەدەپە بۆ بەدیموکراتیبوونی تورکیا و سەربەخۆیی میدیا و سەروەری دادگا تێدەکۆشێت، سەرنجیشیان خستووەتە سەر دۆخی پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاش و بە هەزاران زیندانی سیاسیی تر لە زیندانەکاندا.

لە لێدوانەکەیاندا، پارتی سەوزی ئەڵمانیا بانگێکی وەهایان کردووە:

ئێمە قەرزداری ئەو کەسانەین کە هێشتا لە تورکیا بۆ دیموکراسی، دەوڵەتی یاسا و مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشن. لەم کاتە نائاساییەدا گرنگە کە هێزە دیموکراسیخوازەکان ببنە یەک. ئێمە داوا دەکەین کە هەموو زیندانیە سیاسیەکان لە تورکیا ئازاد بکرێن، بە تایبەتیی زیندانیانی سیاسیی هەدەپە، ئێمە پشتیوانی لە هەر کەس و لایەنێک دەکەین کە بۆ دیموکراسی تێبکۆشێت.

ئێمە لەگەڵ هەدەپە-داین و پشتیوانی خۆمانیان بۆی دووپات دەکەینەوە. ڕێزیشمان هەیە بۆ هەموو دیموکراتیخوازەکان لە تورکیا. ئێمە هیوادارین کە هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێبپەڕێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا، هیوادارین کە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن و پەرلەمانتارانیان بنێرنە پەرلەمان.

ک-ش