پارتی مارکسیست لێنینیستی ئەلمانیا لە بارەی شەهیدبوونی دۆزدار حەمۆ راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە

پارتی مارکسیست لێنینیستی ئەلمانیا- MLPD رایگەیاند، ماوەیەک لە بەرەکانی ئەنتەرناسیۆنالیستدا لەگەڵ شەهید عەبدولرەحمان حەمۆ (دۆزدار حەمۆ) خەباتیان کردووە و رایگەیاند، شەهیدبوونی حەمۆ لەدەستدانێکی گەورە بوو بۆ هەموو شۆڕشگێرێک.

 دوای ئەوەی کۆمیتەی پشتیوانی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە رایگەیاند، عەبدولرەحمان حەمۆ ناسراو بە دۆزدار حەمۆ یەکێک لە فەرماندە و پێشەنگەکانی پەکەکە لە مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی ٢٠١٩دا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهید بووە، پارتی مارکسیست لێنینیستی ئەلمانیا- MLPD لە ژێر ناوی "بۆ یادکردنەوەی شۆرشگێری کورد و ئەنتەرناسیۆنالیستی گەورە دۆزدار حەمۆ" راگەێنراوێکی بڵاو کردەوە.

MLPD رایگەیاند شەهید بوونی شەهید دۆزدار حەمۆ بۆ ئەوانیش خەم پەژارەیەکی گەورە بووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە، چەندین جار شاندی کۆردیناسیۆنی ئەنتەرناسیۆنالیستی رێکخراو و پارتە شۆڕشگێرەکان کە نوێنەری ئەوانیشیان تێدابووە، لەگەڵ شەهید دۆزدار حەمۆ چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد: لە ساڵی ٢٠١٤وە بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش، چەندین جار چاوپێکەوتنمان لەگەڵیدا ئەنجامدا. بە چاوێکی گرنگەوە تەماشای پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکانی شۆڕشگێرانی ئەنتەرناسیۆنالیست دەکرد، بۆیە پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ ئێمەدا هەبوو.

'لایەنگریی تێکۆشانی ئەنتەرناسیۆنالیست بوو'

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەیدا، MLPD باسی لە نرخاندنێکی گابی بیچتنەر یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو پارتە کردووە و دەڵێت، حەمۆ لەو بڕوایەدا بوو کە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بە پشتیوانی و هاوکاریی شۆڕشگێرانی ئەنتەرناسیۆنالیست سەر دەکەوێت. لە گوتوبێژەکانماندا، هەمیشە باسی لە خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک دەکرد. دەیوت، ئەم بەڕێوەبەریە بەشێکە لە شۆڕشیی سۆسیالیزم. شەهیدبوونی دۆزدار حەمۆ نەک تەنها بۆ بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد، بەڵکو بۆ تێکۆشانی ئازادیی شۆڕشگێریی ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش لەدەستدانێکی گەورە بوو. ئێمە بە کۆتاییهێنان بە سیستمی داگیرکاری، دڵسۆزی خۆمان بۆ تێکۆشان و بیرەوەریەکانی ئەو شەهیدە دەخەینەروو. سەرەخۆشی خۆشمان ئاڕاستەی خانەوادە و هاوڕێ و گەلی کورد و هەموو شۆڕشگێران دەکەین."

ز.ش