پارتی چەپی سوید پشتیوانیى لە چالاکییەکانى مانگرتن کرد

هاکان سڤینیلیگ وتەبێژی سیاسەتەکانى دەرەوەى پارتى چەپی سوید پەیامى پشتیوانى بۆ لەیلا گیوڤەن و چالاکوانە مانگرتووەکانی تر نارد، کە بە چالاکیى مانگرتن داواى کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکەن.

کوردستانیان لە شاری کارلستاد لە سوید چالاکییەکی پشتیوانیان بۆ مانگرتووان ئەنجامدا و سڤینیلیگ وتەبێژی پارتى چەپی سوید چووە شوێنى چالاکییەکە و وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، پشتیوانى لە چالاکوانانى مانگرتوو و جێبەجێکردنى داواکانیان دەکەین.

 

سڤینیلیگ راشیگەیاند، لە تورکیا پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسی زۆر زیادیکردووە.

وتیشی، چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن بۆ زۆر کەس بووەتە ئیلهام و نزیکەى ٣٥٠ زیندانیى سیاسی لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندان.

ئەوەشی وت، پارتی چەپ بارودۆخی لەیلا گیوڤەن و چالاکوانانى مانگرتووى کردووەتە رۆژەڤی پەرلەمانی سوید و پەیامى پشتیوانیشی بۆ چالاکوانە مانگرتووەکان خستەڕوو.

لەیلا گیوڤەن بۆ نەهیشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٨٧ رۆژە لە چالاکیى مانگرتندایە. بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن و داواکەشی ناسر یاگز لە شاری هەولێر ماوەی ٧٤ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە. نزیکەى ٣٥٠ زیندانیى سیاسی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە چالاکیى مانگرتندان. لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنساش ١٤ چالاکوان پێکەوە ماوەی ٤٨ رۆژە لە چالاکیى مانگرتندان. لە وێڵزیش چالاکیى مانگرتن لە ٤٨هەمین رۆژدایە. مانگرتن لە ئەڵمانیا، کانادا، نەمسا و هۆڵەندا، شەنگال، سلێمانی و مەخموریش بەڕێوەدەچێت.

مانگرتووەکان رایانگەیاندووە، تاوەکو گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێنەهێنرێت و هەلومەرجی کاری ئازادانە بۆ ئۆجالان نەڕەخسێنرێت بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان.

ر.م