پۆلیسی ئەلمانیا هێرشی کردە سەر رێپێوانە درێژ مەوداکەی گەنجان

رێپێوانە درێژمەوداکەی گەنجانی کورد کە بۆ ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری هانۆڤەری ئەلمانیاوە دەستی پێکردبوو، لە شەشەمین رۆژیدا بووە ئامانجی هێرش و رێگریەکانی پۆلیسی ئەلمان.

رێپێوانە درێژمەوداکە بە دروشمی "بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ هەموومان بەیەوەکە راپەڕین" بەڕێوە دەچێت و لە شارە جیاوازەکانی ئەلمانیاوە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کورد و کەسانی ئەنتەرناسیۆنالیست بەشداریان تێدا کردووە.

لە شەشەم رۆژی رێپێوانەکەدا هێزەکانی پۆلیسی ئەلمان هەوڵیاندا، رێگە نەدەن گەنجان دەرباسی شاری هامبورگ ببن.

یەکێک لە رێکخەرانی رێپێوانە درێژمەوداکە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی راگەیاند، گەنجان لەو کەمپەی تێیدا دەمانەوە، بۆ ئەوەی بچن بۆ شوێنی مەبەست سواری قیتار بوون، بەڵام رێگریان لێکرا.

باس لەوە کرا کە هێزەکانی پۆلیسی ئەلمان، بە بیانووی ئەوەی "بە بێ بلیت سواری قیتار بوون" و گوایا "هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندانی قیتارەکە" رێگریان لە گەنجان کردووە.

بە پێی وتەی ئامادەکارانی رێپێوانەکە، گەنجان دواتر بلیتیان کڕیوە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس بە بیانووی بێ بنەما، هەوڵ دەدەن رێگری لە رێپێوانەکەیان بکەن.

هەمان سەرچاوە راشیگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی ئەلمانی هەر لە سەرەتاوە هەوڵیان داوە رێگری لە رێپێوانەکەیان بکەن.

چالاکەوانان رایدەگەیێنن، پێشووتریش پۆلیسی ئەلمان، هەوڵی ئەوەی داوە ئاڕاستەی رێپێوانەکەیان بگۆرن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە مۆڵەتی رێپێوانەکەیان وەرگرتووە و لەگەڵ ئەوەی ئامانجی رێپێوانەکە داواکردنی ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە، بەڵام بەرزکردنەوەی وێنە و پۆستەرەکانی ئۆجالانیان قەدەغە کردووە.

چالاکەوانان رایدەگەیێنن، لەگەڵ هەموو رێگریەکان، هیچ کاردانەوەیەکیان پیشان نەداوە و وتیان:"هاوکارانی دەوڵەتی فاشیستی تورک هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەرمان و رێگری لە رێپێوانەکەمان بکەن."

بە پێی زانیاریەکان هێزەکانی پۆلیسی ئەلمان هێرشیان کردووەتە سەر گەنجان و لەگەڵ ئەوەی لێیانداون، ٤ گەنجیشیان دەستگیر کردووە.

ز.ش