پەرلەمانتارانى ویستفالیى ئەڵمانیا: با گۆشەگیری کۆتایى پێ بێت

پەرلەمانتارانى پارتى سەوز و پارتى سۆسیال دیموکرات لە ویلایەتى ویستفالیى راین باکوور، کە گەورەترین ویلایەتى ئەڵمانیایە رایانگەیاند، پێویستە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایى پێ بێت.

بۆ کۆتایهاتهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رۆژ بە رۆژ راگەیاندراو و لێدوان لەلایەن سیاسەتمەداران و حیزبە جۆراجۆرەکانى ئەوروپاوە بڵادەکرێتەوە. لە دوایین پشتیوانیشدا ئیبراهیم یەتیم پەرلەمانتاری پارتى سۆسیال دیموکرات و بێریڤان ئایماز پەرلەمانتاری پارتى سەوز لە پەرلەمانى ویلایەتى ویستفالی راین باکووری ئەڵمانیا (NRW) لێدوانیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

ئەو ٢ پەرلەمانتارە بە رۆژنامەى فونک میدیایان راگەیاندووە، پێویستە داواى سیاسەتمەداران و چالاکوانانی مانگرتوو جێبەجێ بکرێن.

پەرلەمانتار ئایماز لە پارتى سەوز رایگەیاند "پێویستە سیاسەتى ئەڵمانیا و ئەوروپا داواى چالاکوانە مانگرتووەکان بە جدی ببینن. سەرنج بخەنە سەر ئەو بابەتە، ئەگەر نا دۆخەکە خراپتر دەبێت".

"دوای کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى داوایەکى مرۆییە"

یەتیم لە پارتى سۆسیال دیموکرات رایگەیاند، ئازادکردنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە هەنگاویکى باشە و راشیگەیاند "دۆزی لەیلا گیوڤەن ئەوەى سەلماند، کە لە تورکیای ژێر سەرکردایەتیى ئەردۆغاندا گوشارێکى زۆر قورس خراوەتە سەر ئۆپۆزسیۆن".

پەرلەمانتار یەتیم ئەوەشى وت، داواى کۆتایهاتن بە گۆشەگیری داوایەکى مرۆیى و مافدارانە و وتیشی "ئەو داوایە بۆ هەڵوێستى مرۆیى ئێمە دەگەڕێتەوە".

پەرلەمانتار یەتیم داواى لە حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى مێرکل کرد و وتى "دەبێت ئەوە بسەلمێنن،کە بۆ ئازادیى رادەربڕین، مافەکانى مرۆڤ و پاراستنى ئۆپۆزسیۆن پێوەرى نەگۆڕیان هەیە".

پارتى چەپ بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستى حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى مێرکل پرۆژە پرسیارێکى لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ دا پێشکەشی بەڕێوەبەریى ئەڵمانیا کردبوو. میکائیل رۆت وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا لە پەرلەماندا وەڵامى پرۆژە پرسیارەکەى دابوویەوە و راگەیاندبوو، بەپیى ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانە کە حکومەتى تورکیا واژۆی کردوون، دەبێت گۆشەگیریى ئیمراڵی کۆتایى پێبهێنرێت.

سەرباری ئەوەش گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامیى هەیە و ئۆجالان تا ئێستاش ناتوانێت پارێزەران و بنەماڵەکەى ببینێت و بەڕێوەبەرانى بەرلینیش تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا ئەو داوایەیان لە حکومەتى تورکیا نەکردووە.

چالاکییەکیى مانگرتنى توزاک لە میدیاى ئەڵمانیادا

رۆژنامەى فونک میدیا باسی لە چالاکیى مانگرتنى مەلە موستەفا توزاک کرد، کە لە شاری دویسبورگ دا ماوەى ١٥ رۆژە لە دژی گۆشەگیری لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە.

ئاماژە بەوەکراوە، توزاک رایگەیاند "گوشار لەسەر گەلی کورد هەیە و چەندین ساڵە ئەو گەلە کوشتار دەکرێت. من ئاشتی و دادپەروەریم دەوێت".

توزاک لەو رۆژەوە دەستی بە مانگرتن کردووە، ٥ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە.

ر.م