ڕژێمی ئاکەپە ڕێگەی نەدا چاودێرانی ئەڵمانی و سویدی بڕۆنە تورکیا

ڕێگە نەدرا چاودێرانی ڕێکخراوی هاوکاری و ئەمنیەتی ئەوروپا (OSCE) و پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانی ئەندرێ هونکۆ و ئەندامی پەرلەمانی سوید جەبار ئەمین بڕۆنە تورکیا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەوڵ دەدات قەدەغەی سەر پەرلەمانتار هونکۆ هەڵبگرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، "ڕێکخراوی هاوکاری و ئەمنیەتی ئەوروپا (OSCE) لەبارەى ئەو رووداوەوە لەگەڵ تورکیا کەوتوەتە قسەکردن".

لە راگەیاندراوەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا ئەوەش هاتووە "ئەندامانی ڕێکخراوی هاوکاریی و ئەمنیەتی ئەوروپا، لە پرسی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگن و بەو شێوەیە دەوڵەتی یاسا و دیموکراسیی بەهێز دەکەن".

پارتە سیاسیەکانیش لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی دەوڵەتی تورکیادا ناڕەزایەتییان نیشاندا. پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا 'دی لینکە' سەڤیم داگدەلەن، دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ ڕایگەیاند "ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە ئەنجام نادرێت. سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان دەیەوێت دیسان بە هەڵبژاردن، ئەو هێزەی کە لە ڕیفراندۆمەوە بەدەستی هێناوە، بەرفراوان بکات".

پەرلەمانتاری پارتی چەپ و چاودێری هەڵبژاردنەکانی سەر بە ڕێکخراوی هاوکاریی و ئەمنیەتی ئەوروپا ئەندرێ هونکۆ بە ئاژانسى هەواڵى دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانى رایگەیاندووە "بۆ ئەوەی بڕۆمە تورکیا، لە ڤیەننا سواری فڕۆکە بووم، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام و لە فڕۆکەکە هێنامیانە خوارەوە. ئەو کارەش یاسایی نییە. بێگومان لەم پرسەدا ڕێکخراوی هاوکاریی و ئەمنیەتی ئەوروپا هیچ دەسەڵاتێکى جێبەجێکاری نییە و ئەوەش هەمیشە دەبێتە کێشە".

وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤاڵسترۆم، دەربارەی ئەو ڕێگەگرتنەی دەوڵەتی تورکیا لە چاودێران و پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "ئەوەیان لێ قەبوڵ ناکرێت، کە ڕێگەیان بە چاودێرێکی ڕێکخراوی هاوکاریی و ئەمنیەتی ئەوروپا نەداوە".

ر.م