ژمارەی قوربانیانی گەرمیان بەرز بووەوە

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعش لە گوندی کوڵەجۆی گەرمیان گیانیان لەدەست دا، گەیشتنە چوار کەس، لە هێرشەکەدا ٦ ئەندامی ئاسایش و ٢ کەسی سڤیل بریندار بوون.

چەتەکانی داعش شەوی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر بازگەی ئاسایشی گوندی کوڵەجۆی سەر بە شارۆچکەی کۆکسی گەرمیان، دواتریش هێرشی سەر گوندەکەیان کرد.

لە هێرشی چەتەکان لەدژی بازگەی ئاسایش، ٤ ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەست دا و شەش کەسیش بریندار بوون. لە هێرشی چەتەکان بۆ سەر گوندەکەش ٢ کەس بریندار بوون.

یەکێک لەوانەی لەو هێرشە گیانی لەدەست دا، فەرمانداری ئۆپەراسیۆنەکانی گەرمیانە بەناوی ئاسۆ جەلال.

دوای ئەوەی کە ئەندامانی ئاسایش وەڵامی هێرشەکایان داوەتەوە، شەڕ دەستیپێکردووە و چەتەکان لە ناوچەکە هەڵاتوون.

هەروەها چەتەکان گوندی کوڵەجۆیان تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا دوو کەسی سڤیل بریندار بوون.