ژنانى ئێزدی بانگەوازی چالاکى بۆ ٣ی ئاب دەکەن

فیدراسیۆنى ژنانى ئێزدی لە ئەڵمانیا بە بۆنەى ٥هەمین ساڵیدای هێرشی پاکتاوکاریى چەتەکانى داعش بۆ سەر شەنگال بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە و داوایانکرد، ٣ ئاب وەک رۆژی چالاکیی دژ بە کۆمەڵکوژکردنى ژنان رابگەیەنرێت.

چەتەکانى داعش رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ / ١٢ی گەلاوێژ هێرشیان کردە سەر شەنگال لە باشووری کوردستان و هەزاران منداڵ، ژن و هاووڵاتیى مەدەنییان کۆمەڵکوژ کرد. هەزاران ژنی ئێزدیش لەلایەن چەتەکانەوە رفێنران و کۆیلەیەتیی زایەند و ئەشکەنجەیان بەسەریاندا سەپاند و سەدانیان لێ کوشتن.

هەزاران ژنی ئێزدی کە یەکێک لە گەورەترین و قورسترین کوشتارەکانى سەدەی ٢١ یان بەسەردا سەپێنرابوو لەلایەن شەڕڤانانى یەپەگە / یەپەژەوە و گەریلاکانى هەپەگەوە لە رێگەى دروستکردنى رێڕەوێکى مرۆییەوە رزگارکران.

بە بۆنەى ٥هەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتارەوە فیدراسیۆنى ئەنجوومەنى ژنانى ئێزدی لە ئەڵمانیا رۆژی ٣ی ئابی وەک رۆژی چالاکى لە دژی کۆمەڵکوژکردنى ژنان راگەیاند. لە دژی کۆمەڵکوژکردنى ژنان و لەبەر ئەوەى کە تەنها ژنن و بەو هۆیەوە دەکوژرێن، بانگەوازی لە هەموو ژنان لە سەرتاسەری جیهان دا کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان.

راشیگەیاندووە، لە چالاکى و خۆپیشاندانەکانى رۆژی ٣ی ئاب سەرنجی تەواویش دەخەنە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژکردنى ئێزدییەکان لە شەنگال.

بە پێشەنگایەتى فیدراسیۆنى ئەنجوومەنى ژنانى ئێزدی لە ئەڵمانیا رۆژی ٣ی ئاب لە کاتژمێر ١١ دا بۆ بەرز راگرتنى ئەو ژنانە کە لەلایەن چەتەکانى داعشەوە لە شەنگال کۆمەڵکوژکراون و رفێنراون خولەکێک بێدەنگی رادەگەیەنرێت.

فیدارسیۆنى ئەنجوومەنى ژنانى ئێزدی بانگەوازی لە رێکخستنەکانى ژنان و رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنى کرد، کە چالاکیى هاوبەش بەرێوەببەن. فیدراسیۆنەکە لە رێگەى چالاکییەکەوە دەیەوێت پێش هەموو شتێک تراژیدیاى سەر ژنانى ئێزدیى و کوشتنى ژنان کۆتایى پێ بهێنرێت.

فیدراسیۆنەکە رایگەیاند، کۆمەڵکوژکردن و جینۆسایدی ژنان لەلایەن چەتەکانەوە داعشەوە لە شەنگال لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدراوە و ژنانی ئێزدی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ / ١٢ی گەلاوێژ کۆمەڵکوژ کراون و رفێنراون و دواتر لە بازاڕەکانى کۆیەلەیەتیدا فرۆشراون و دەستدرێژی و هەموو تاوانەکانى دژ بە مرۆڤایەتیان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

ر.م