کەنەکە لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵا پوور لەلایەن ئێرانەوە ئیدانە کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سیاسەتی لە سێدارەدانی ئێران و لە سێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد هیدایەت عەبدوڵاپوور ئیدانە کرد. هەروەها هاوکاریی نێوان رژێمە داگیرکەرەکانى ئێران و تورکیای بۆ هێرشکردنە سەر گەلی کورد شەرمەزارکرد.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپوور لەلایەن رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، هیدایەت عەبدوڵاپوور دیلی جەنگ بووە و دەبوو بەپێی یاساکانی جەنگ ژیانی پارێزراو بوایە، بەڵام رژێمی ئێران پێبەندی هیچ یەک لە یاسا نێونەتەوەییەکان نەبوو و هیدایەت عەبدوڵاپووری ئەشکەنجە کردووە و لە دادگایەکى نادادپەروەردا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە و دواتریش بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەى و پارێزەرەکەى بە دزییەوە گولـلەبارانیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت رژێمی ئێران لەو راستییە تێبگات کە چیدی ناتوانێ بە زەبروزەنگ و کوشتن و لەسێدارەدان، درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. ئەزمونەکانی ناوچەکە دەریانخست کە سیاسەت و حوکمدارییەکی لەو چەشنە، چ ئاکامێکی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دێنێت.

دەقی راگەیاندراوەکەی کەنەکە بۆ ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپوور

رژێمی ئێران لە سیاسەتی سێدارە بەردەوامە

رژێمی ئێران لە سیاسەتی دژەمرۆڤیی خۆی بەرامبەر گەلی کوردستان بەردەوامە. سەرەڕای کێشە و قەیرانە قووڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، سەرەڕای بێدادی و نەداریی، سەرباری ئەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە سەربازگەیەکی گەورەو لە هەموو روویەکەوە خەڵکی هەراسان کردووە. لەگەڵ رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە تایبەتیش تورکیا، لە هاوکاریی جدیدایە بۆ هێرشکردنە سەر پارچەکانی تری کوردستانیش. زیندانەکانی لە خەڵکی ناڕازی رۆژهەڵاتی کوردستان سیخناخ کردووە. سیاسەتی ئەشکەنجەدان و ترس و تۆقین، دژ بە هەموو پرەنسیپ و بەها مرۆییەکان پەیڕەو ئەکات. هیچ هەفتەیەک، ئەگەر نەڵێێن هیچ رۆژێک نییە رۆڵەیەکی گەلی ئێمە بە بیانووی جیاواز لە سیدارە نەدات. هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە نەگریسەیدا پێشمەرگەیەکی بەدیل گیراوی بە ناوی ‌هیدایەت عەبدوڵلاپورلە سێدارە.

شەهید هیدایەت دوای ئەوەی دەستبەسەر ئەکرێت، ماوەی چەند مانگ ئەشکەنجە ئەدرێت. دواتر ئەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. لە مەحکەمەیەکی نادادپەروەردا بڕیاری لە سێدارەدانی ئەدرێت و جێبەجێ ئەکرێت. ئەو رژێمە هیچ پرەنسیپێکی لە بەرچاو نەگرت و تەنانەت نەیهێشت بەر لە سێدارەدانی، خانەوادەکەی چاویان پێی بکەوێت.

شەهید هیدایەت دیلی جەنگ بوو. ئەگەرچی جاڕنامەی مافی مرۆڤ کوشتنی دیل رەت ئەکاتەوە، بەڵام رژێمێک کە لەسەر بنەمای دژە ئازادی و دیموکراسی دامەزرابێ، چۆن گوێ بە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ ئەدات.

رژێمی ئێران ئیدی ئەبێ چاوێک بە ولاتانی ناوچەکەدا بگێڕێ. لەو راستییە تێبگات کە چیدی ناتوانێ بە زەبروزەنگ و کوشتن و لەسێدارەدان، درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. ئەزمونەکانی ناوچەکە دەریانخست کە سیاسەت و حوکمدارییەکی لەو چەشنە، چ ئاکامێکی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دێنێت.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی لەسێدارەدانی شەهید هیدایەت شەرمەزار ئەکەین. سەرەخۆشی لە خانەوادەو هاوڕێیانی شەهید و خەڵکی کوردستان ئەکەین. لە کەسێتی ئەودا هەموو شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە و سەری رێز لەبەر دەم رۆحی تێکۆشەرانەیان دائەنەوێنین. دڵنیاشین کە رێگای گیانبەختکردووان بەچۆڵی نامێنێتەوەو پڕ رێبوار ئەبێت.

نەمریی بۆ شەهید هیدایەت عەبدولاپورو هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی

ژ.ت