گۆڤەن: ئەوکوردانەی کە پێشتردەنگیان بە ئاکەپە دابوو ئێستا لەدەوری هەدەپە کۆبوونەتەوە

پاڵێوراوی هەدەپە لە جولەمێرگ لەیلا گۆیوڤەن کە لە بەندیخانەیە و بە دیل گیراوە ئاشکرایکرد کە ئەو کوردانەی پێشتر دەنگیان بە ئاکەپە داوە، بەهۆی تاوانەکانی دەوڵەت لە کوردستان، لە ئێستادا لەناو هەدەپەدا کۆبوونەتەوە.

هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتی کەجەدە و پاڵێوراوی هەدەپە لە جولەمێرگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیلا گۆڤەن کە بە دیل گیراوە، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیای دایەوە.

گۆڤەن سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی و وتی "لە کاندیرا، ئامەد، سیلیڤری، شاکران، ئەدیرنە، سنجان و ژمارەیەکی تری زۆر لە گرتووخانەکان، بە هەزاران هەڤاڵی هێژامان بە دیل گیراون. ئەوەش نیشانی دەدات کە دەسەڵاتداری ئێستا چەند لە فیکری سیاسی دەترسێت و ناتوانێت خۆی لە ئاستیدا ڕابگرێت".

 گۆڤەن ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئاکەپە کۆتایی بە هەموو پاشەکەوت و سەرمایەی کوردستان هێناوە و وتی "ئێمە دەزانین کە ئەو کوردانەی پێشتر دەنگیان بە ئاکەپە داوە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی خۆیان نادەنەوە بە ئاکەپە. مرۆڤەکانی ئەم هەرێمە بە چاوی خۆیان بینیان کە ئاکەپە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چ تیرۆرێکی لە کوردستان ئەنجام دا. شارەوانییەکان دەستیان بەسەردا گیرا، کارمەندان و کرێکاران لەسەر کارەکانیان دەرکران، ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی، دەسبەسەرکردن و دەستگیرکردن، داخستنی ڕێکخراوەکان، زەحمەتکێشان لە کارەکانیان دوورخرانەوە، گۆڕستان و مەزارەکان وێران کران، سووکایەتیی بە تەرمی شەهیدان کرا. بێگومان گەل ئەو ستەمانە لە بیر ناکات. ئاکەپە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ شاربەدەر دەکرێت".

دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، گۆڤەن پیشبینی خۆی ئاشکرا کرد و وتی "لە ڕۆژئاوا هەتا ڕۆژهەڵات، لە باشوور هەتا باکووری تورکیا، کۆمەڵگا پشتیوانی لە هەدەپە دەکات. پەرلەمانی بێ هەدەپە پێک نایەت".

لەیلا گۆڤەن سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی سەختی زیندانەکان و وتی "بە بەهانەی باری نائاسایی، وەڵامی زۆرێک لە داواکاریە بنەڕەتیەکانی ئەوان نادرێتەوە. لە ژورێکدا کە جێگەی ٢٢ کەس دەبێتەوە، ٣٢ کەسیان جێگیرکردووە و بە بێ هۆکاریش ئازاد ناکرێن".

لە کۆتاییدا لەیلا گۆڤەن جەختی لەوە کردۆتەوە کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگیی و بارە سەختەش، ئەوان بە جۆش و بە ورەن".

ک-ش