گەرما لە ئەوروپا خەریک بوو کارەسات بخوڵقێنێت

وڵاتانی ئەوروپا لە مانگی حوزەیران و تەممووزدا زۆر گەرم بوون. دەوترێت، بەهۆی ئەوەی گەرماکە زۆر بەردەوام نەبوو کەم کەس گیانیان لەدەست دا.

بەپێی دوایین ئامارەکان دامەزراوەی تەندروستیی جەماوەریی وەزارەتی تەندروستیی فەڕەنسا، بەهۆی گەرمای زۆری مانگەکانی حوزەیران و تەممووزەوە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە. لە مانگی حوزەیراندا ٥٦٧ کەس، لە مانگی تەممووزیشدا ٨٦٨ کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەست دا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە مانگی تەممووزدا لە پاریس پلەی گەرما گەیشتە ئاستێک، کە ڕێژەی ٤٢.٦ پلەی سلیزیی تۆمار کرد. بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی درێژ بەردەوام نەبوو وەکو ساڵی ٢٠٠٣، دەیان هەزار کەس لەمردن ڕزگاریان بوو. بەرزترین پلەی گەرما، کە ٤٦ پلەی سلیزی بوو، لە شاری هیرۆڵ بوو.

ئاگنێس بوزین وەزیری تەندروستی، لەبارەی بابەتەکەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند، گەرمای ساڵی ٢٠٠٣ ماوەی ٢٠ ڕۆژی خایاند، ئەمساڵ لە دوو ماوەی جیاوازدا پێکەوە بە گشتی ١٨ ڕۆژ بەردەوام بوو.

لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا لە وڵاتانی ئەوروپا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و بریتانیا گەرما گەیشتە بەرزترین ئاست. لە فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٣دا ١٩ هەزار و ٤٩٠ کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەست دابوو.

ژ.ت