یەکەم رۆژی رێپێوانە درێژ مەوداکەى گەنجانی کورد بۆ ئازادیی ئۆجالان لە ئەڵمانیا کۆتایی پێهات

یەکەم رۆژی رێپێوانە درێژ مەوداکەى گەنجانی کورد کۆتایی پێھات. هەموو ساڵێک رێپێوانی درێژ مەودا بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی وەک نەریتێک رێکدەخرێت.

گەنجانی کورد دوێنێ لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا کۆبوونەوە و بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دەستیان بە رێپێوانکرد. رۆژی یەکەمی رێپێوانە درێژ مەوداکەیان لە ئێوارەدا لە شاری لێهرت کۆتایی پێهات.

لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، نەمسا، سوید، هۆڵەندا، ئیسپانیا، بەریتانیا و سویسراوە زیاتر لە ٢٥٠ گەنج کۆبوونەتەوە و هاتوون بۆ بەشداریکردن لە رێپێوانە درێژ مەوداکەدا. رێپێوانەکە بە وتنەوەى دروشمی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و پێکەوە راپەڕین' رێکخراوە.

چالاکییەکە لە گەڕەکی ستینتۆری شاری هانۆڤەر، واتە لەو شوێنەوە دەستیپێکرد، کە ساڵی ١٩٩٤ حەلیم دەنەری گەنجی کورد لە کاتی هەڵواسیونی پۆستەرێکی ئۆجالان دا بە دەستی پۆلیسی ئەڵمانیا شەهیدا کرا. چالاکوانان لە یەکەم رۆژی چالاکییەکەیاندا بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر رێپێوانیان ئەنجامدا.

چالاکوانەکان هێلەکی سەوز، سوور و زەردیان لە بەرکردووە و لە رووی پێشەوەی هێلەکەکە نووسراوە 'کۆتاییەکەى شکۆمەندانە دەبێت'، کە ئەوەش وتەى چیاگەر فەرماندەی ئەفسانەیی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەى سووری ئامەد بوو. لە رووی دواوەی هێلەکەکەش نووسراوە 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و پێکەوە راپەڕین' نووسراوە.

لە رێپێوانەکەدا لەسەر پۆستەرەکانیش دروشمەکانی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و پێکەوە راپەڕین'، 'حەفتانین بۆ داگیرکەران دەبێتە گۆڕستان'، 'هەموو شوێنێک حەفتانینە، پێکەوە راپەڕین'  لەلایەن چالاکوانانەوە بەرزکراونەتەوە. هەروەها گۆرانی و سرودەکانى بەرخودانی حەفتانین دەڵێنەوە.

لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی 'بژی بەرخودانی حەفتانین'، 'بژی پشتیوانیی نێونەتەوەیی'، 'کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم'، 'ژن، ژیان، ئازادی' ، 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' دەوترانەوە و سەرباری بارانبارینیش بە جۆش و ورە و حەماسەوتەوە بەردەوامبوون لە وتنەوەى دروشمەکان و سرودەکان و رێپێوانەکەیان.

رێپێوەران لە لێهرت لە هۆڵێکدا کۆبوونەوە و دوای پشووی نان و چا، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو رۆژەى چالاکییەکەیان کرد. هەروەها بۆ پلانسازیی رۆژانی دیکەى رێپێوانەکە لیژنەیەکیان دروستکرد.

ژ.ت