هەواڵگری ئەمریکا پێیوایە بەم نزیکانە ئێران هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر ئیسرائیل

بە گوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، هەواڵگری ئەمریکا پێشبینی دەکات ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی لەماوەیەکی نزیکدا هێرشێکی گەورە دەکەنە سەر ئیسرائیل.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هەواڵگری ئەمریکا بە بلومبێرگی راگەیاندووە، بابەتەکە ئەوە نییە کە هێرشەکە ئەنجام دەدرێت یان نا، بابەتەکە ئەوەیە کە هێرشەکە چ کاتێک ئەنجام دەدرێت.

بە وتەی هەمان سەرچاوە، رۆژی ١١ی نیسان ژەنەڕاڵێکی ئەمریکی لە فەرماندەیی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسرائیل دەکات و دوایین پێشهاتەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

بەپێی ئاکسیوسیش، جەنەڕاڵی ئەمریکی ئێریک کوریلا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یواڤ گالانت و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.

ئیسرائیل لە ١ی نیساندا هێرشی کردبووە سەر کونسوڵخانەی ئەمریکا لە دیمەشق و بەهۆیەوە ١٦ کەس کە ٧یان ئەندامی سوپای پاسداران بوون کوژران. یەکێک لە کوژراوەکان ژەنەڕاڵی پلەباڵای فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران محەمەد رەزا زاهێدی بوو. رابەری ئایینی ئێران عەلی خامنەیی لە رۆژی جەژندا بەڵێنیدا کە 'رژێمی زایۆنی تەمبێ دەکرێت و سزا دەدرێت'.

سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن رۆژی چوارشەممە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران دەربری و ئەوەی خستەڕوو کە تاران هێرشێکی بەربڵاودەکاتە سەر تەلەئبیب.

جەختیشی کردەوە، "بێ دوودڵی چیمان لەدەست بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەیکەین".

ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران سیستمی بەگریی ئاسمانی خۆی بەهێزکردووە و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر لە ئێرانەوە هێرشیان بکرێتەوە، لەبەرامبەردا ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر خاکی ئێران.

بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەوە هێڵی ئاسمانی لوفتهانسای ئەڵمانی لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە گەشتەکانی خۆی بۆ تاران راگرتووە.

هـ. ب