کۆبوونەوەی "ئیمراڵی" لە کۆنسەی ئەوروپا

پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان و پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لە کۆنسەی ئەوروپا پەیوەست بە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست.

کۆبوونەوەی ئیمراڵی

شاندێک بە بەشداری پەرلەمانتار عومەر ئۆجالان و و پارێزەر فایەق ئەرۆڵ، چەندین پەیوەندیان لەگەڵ دامەزراوە ئەوروپییەکان لە ستراسبۆرگ دروستکردووە، چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کۆببێتەوە.

گۆشەگیری دژی چارەسەری پرسی کوردە

شاندەکە لە کۆنسەی ئەوروپا دەربارەی گۆشەگیری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، کۆنگرەکە لەلایەن سارا گلین بەڕێوەدەبرێت. لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتار عومەر ئۆجالان و و پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ و پەرلەمانتاری قوبرس کۆستەنتینۆس ئەفستاسیۆ قسەیان کرد، هەروەها چەندین پەرلەمانتار لەنێو گوێگران هەن.

ئۆزگور ئەرۆڵ ڕایگەیاند ١٧ ساڵە پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لە ٢٠١٥ ڕێگە نادرێت چاوی بە موەکیلەکەی بکەوێت.

هەروەها ڕایگەیاند ٤ ساڵە رێگە نادرێت بنەماڵەکەشی چاویان پێ بکەوێت و گوتی: "لە گۆشەگیرییەکی ڕەهادا ڕاگیراوە، ئێمە باش دەزانین ئەم گۆشەگیرییە هیچ بناغەیەکی یاسایی نییە. دەزانین لەسەر بناغەی بڕیارێکی سیاسی و ئیداری بەڕێوەدەچێت. گۆشەگیری دژی چارەسەری پرسی کورد بەڕێوەدەچێت".

ئیمراڵی چاڵی ڕەشی یاسایە

ئەرۆڵ ڕایگەیاند ڕەوشی ئیمراڵی، چاڵی ڕەشی یاسایە، دووپاتی کردەوە بێدەنگی ئەوروپا دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی ئەم کارە لە سەرتاپای تورکیا.

ئەرۆڵ ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بێدەنگی ڕێکخراوە ئەوروپییەکان.

عومەر ئۆجالان: کارە میزاجییەکان جێگەی کارە یاساییەکانیان گرتۆتەوە

پەرلەمانتاری دەم پارتی، عومەر ئۆجالان گوتی: "لە تورکیا کارە میزاجییەکان جێگەی کارە یاساییەکانیان گرتۆتەوە. بیر لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی بکەنەوە، بنەماڵەکەی ٤ ساڵە ناتوانن سەردان بکەن. هەموو مافە یاساییەکانی بنەماڵەکە زەوتکراوە و ناتوانن ئەم مافە بەکاربهێنن".

ڕایگەیاند لە هیچ جێیەکی جیهان گۆشەگیری لەم جۆرە نییە و گوتی: "ئاخۆ ئەو ڕەوشەی دژی بەڕێز ئۆجالان و سێ هەڤاڵەکەی بەڕێوەدەچێت، ئەشکەنجە نییە؟".

دەتوانن ئەم کارە نایاساییانەی ئیمراڵی ڕاوەستێنن

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ئەو کارانەی لە ئیمراڵی دەکرێن لە تەواوی تورکیا بڵاوبووەتەوە، تیشکی خستەسەر ئێشکگری ئازادی کوردان لەبەردەم کۆنسەی ئەوروپا و ڕەخنەی لە بێدەنگی کۆنسەی ئەوروپا گرت، گوتی: "بانگەواز لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و کۆنسەی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەکەین، ئێوە دەتوانن ئەم کارە نایاساییانەی تورکیا لە ئیمراڵی بوەستێنن. دەتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. داوا دەکەین دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا چاو بە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا بخشێننەوە و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن".

پەرلەمانتاری قوبرسی کۆستەنتینۆس ئەفستاسیۆ ڕەخنەی لە ڕەوشی زیندانەکانی تورکیا و بەتایبەت گۆشەگیری ئیمراڵی گرت، گوتی: "دەبێت بێدەنگی ئەوروپا شەرمەزار بکرێت، دەبێت ئەوروپا دژی تورکیا هەڵوێست پیشان بدات. فشار لە تورکیا بکات. چونکە تورکیا دەوڵەتێکە کە لە دەرگای ئەوروپای داوە".