بەگوێرەی وەزارەت، لە ئیمراڵی گۆشەگیری نییە!

بەڕێوەبەرایەتی گشتی زیندانەکان وەڵامی داواکارییەکی دەربارەی گۆشەگیری دایەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٣٨ مانگ زانیاری لەبارەیەوە نییە، مافەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی، لە ٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ سەردانی سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانیان کرد.

لە سەردانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ڕێگە نادرێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش لە زیندانی ئیمراڵی لەڕێگەی تەلەفۆن و فاکس و نامەوە پەیوەندی بە دەرەوە بکەن، ڕێگە نادرێت لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران کۆببنەوە، پەیوەندیان بە دەرەوە پچڕاوە.

هەروەها ڕاگەیاندراوە لە ٢٧ تەمموزی ٢٠١١ تا ئێستە و لەنێوان ئایار-ئابی ٢٠١٩ پارێزەران ٥ جار دیداریان ئەنجامداوە، دوایین دیدار لە ٧ ی ئابی ٢٠١٩ بووە، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستە بنەماڵەکان تەنها ٥ دیداری ڕووبەڕوویان ئەنجامداوە، دوایین جار لە ٣ ی ئاداری ٢٠٢٠ ئەنجامدراوە، لە ٢٤ ساڵدا تەنها ٢ جار (٢٧ ی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ ئاداری ٢٠٢١) پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدراوە.

هەروەها پەیوەندی تەلەفۆنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ ی ئاداری ٢٠٢١ لەگەڵ براکەی پچڕاوە و هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نییە، لە دوایین دیدارەوە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ بەگشتی ٢٣٨ داواکار پارێزەران و ٧٩ داواکاری بنەماڵەکان بێ وەڵام ماوەتەوە.

پەرلەمانتاران داوایان کرد سەردانی ئیمراڵی بکرێت و بنەماڵە و پارێزەران و شاندێکی سیاسی دیدار ئەنجام بدەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی زیندانەکانی سەر بە وەزاەتی داد وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە، سەرەڕای گۆشەگیری توند، بەڕێوەبەرایەتییەکە بانگەشە دەکات کە "زیندانیانی ئیمراڵی تەواوی مافە یاساییەکانی خۆیان بە یەکسانی بەکاردەهێنن".

بەڕێوەبەرایەتییەکە بانگەشە دەکات لە ئیمراڵی گۆشەگیری نییە، دیداری زیندانیان لەگەڵ پارێزەر و خزمەکانیان ئاستەنگ ناکرێت، بەشداردەبن لە چالاکییەکانی وەک وەرزش و هتد، هەروەها داواکارییەکانی بە "بێ بنەما" ناساندووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی کارگێڕی و بەدواداچوون لە ساڵی 2023 بۆ ماوەی 6 مانگ کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران قەدەغە کردووە. بەڕێوەبەرایەتییەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هیچ تانەیەک لەم بڕیارە نەبووە.

پارێزەرانی نووسینگەی یاسای سەدە پێشتر چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە بڕیارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەکە سەبارەت بەوان پێیان نەگەیشتووە.