مایکڵ رۆبن: ئەگەری هەیە بارزانی جارێکی دیکە داعش بەهێز بکاتەوە

مایکڵ ڕۆبن نووسەری دیاری ئەمریکی لە نوێترین وتاریدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی سیاسیی عێراق لە دەیەی ڕابردوودا و هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە جارێکی دیکە بارزانی داعش بەهێز بکاتەوە.

مایکڵ ڕۆبن لە سەرەتای نووسینەکەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کاتێکدا نوری مالیکی سەرقاڵی جەنگ بوو لەگەڵ ئەلقاعیدە و ئەو گرووپانەی پەیوەندییان بەم رێخراوە هەیە مەسعوود بارزانی یارییەکی مەترسیداری کرد و پێی وا بوو لاوازبوونی عێراق بەهێزی هەرێمی کوردستانە.

بۆیە بە شاراوەیی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هاوکاری داعشیان کرد، بەبێ ئەوەی بزانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان دەکرێت ئەم هێزە هەڵبگەرێتەوە و لە ئەنجامیشدا بینیمان کە چ جیۆناسیدێک بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات".

نووسەرە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەداوە "سەرەڕای گەندەڵی و ناکۆکییەکانی ساڵانی ڕابردووی عێراق بە هۆی سەرۆکوەزیرانە جیاوازەکانەوە بەڵام لە ئێستادا عێراق سەرەڕای ئەوەی لە خوار تواناکانی خۆیەوە کار دەکات بەڵام لە ٢٠٠٣ دەوڵەمەندترە و سودانیش لەپێناو هەموو هاوڵاتییاندا کار دەکات".

مایكڵ ڕۆبن دەشنووسێت: "پێویستە سودانی ئاگاداری بارزانییەکان بێت".

ڕۆبن دەشڵێت، "ئاژاوەکانی کەرکوک و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی سودانی نییە بەڵكوو ئەوە گەندەڵیی و بێتواناییەکانی بارزانییەکانە ئەو دۆخەی هێناوەتە کایەو"ە.

مایكڵ ڕۆبن لەو وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخێکی مەترسیدار کردووە و دەڵێت "ئەگەری بەهێز هەیە بارزانییەکان لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی خۆیاندا دووبارە بگەرێنەوە بۆ تاکتیکەکانی ساڵی ٢٠١٣ و شانە نووستووەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بەهێز بکەنەوە".

لەو بارەیەشەوە مایکڵ ڕۆبن پێشنیاری کردووە بۆ سودانی کە دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق بەهێزتر بکات و خودی خۆی سەرپەرشتی کارەکانی بکات.

لە کۆتایشدا مایکڵ ڕۆبن ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە سودانی "بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی بکات و کەسانی کەمتەرخەم لەو دەزگایە دووربخاتەوە و بە شێوەیەک دروست ئەو دەزگایە بەڕێوەببرێت".

هـ . ب