خزمی زیندانیان لە پێش زیندانەکانن: دەنگ بدە بە ئازادی

خزمی زیندانیان دژی گۆشەگیری ئیمراڵی و بۆ چارەسەری پرسی کورد، لەبەردەم زیندانەکان چالاکی "دەنگ بدە بە ئازادی"یان ئەنجامدا.

چالاکی خزمی زیندانیان

چالاکی زیندانیانی سیاسی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەردەوامە. زیندانیان لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ـەوە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، لە ٤ ی نیسانەوە چالاکییەکەیان بردە قۆناغێکی نوێوە، لە ئێستەدا چاوپێکەوتن و تەلەفۆن و چوونە دادگایان بایکۆت کردووە. هاوکات خزمی زیندانیان ئێشکگری دادپەروەریان بردە قۆناغێکی نوێوە، خزمی زیندانیان لەبەردەم زیندانەکانی ئامەد و ئێلح و ئیستەنبوڵ و ئەزمیر و مێرسین و ئەدەنە دەستیان بە چالاکی "دەنگ بدە بە ئازادی" کرد.

بەشێک لە ڕێکخراوە یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەندامی بزووتنەوە و پارتە سیاسییەکان پشتگیری چالاکییەکەیان کرد.

لە چالاکییەکەی ئامەد پۆلیس گەمارۆی خزمی زیندانیانی دا و چەند ڕۆژنامەوانێک دەستبەسەرکران. خزمی زیندانیان بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن.

لە ئیستنەبوڵ پۆلیس ڕێگەی نەدا جەماوەر نزیکی زیندانەکە ببێتەوە، بۆیە جەماوەر چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا، درووشمی "ماف، یاسا، دادپەروەری" و "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرزکردەوە، جەماوەر گەمارۆی پۆلیسیان شەرمەزارکرد، پۆلیسەکان ڕێگەیان لە ڕووماڵی ڕۆژنامەوانان کرد و ناسنامەی ئامادەبووانیان پشکنی، پاشان جەماوەر شوێنی چالاکییەکەیان بەجێهێشت.

لە چالاکییەکەی ئەزمیر، یەک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتگیری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئەگێ، لەیلا کایگیسیز ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و دووپاتی کردەوە گۆشەگیری ئیمراڵی لە تەواوی زیندانەکان بڵاوبۆتەوە و لە هەموو جێیەک مافەکان پێشێل دەکرێن، گوتی: "تا بەدیهاتنی یاسا و دادپەروەری درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین. بانگەواز لە تەواوی ڕای گشتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین پشتگیریمان بکەن".

یەک لە خزمی زیندانیان حەنیفە گوموش داوای کرد ئیتر ستەم بەس بێت و ڕۆڵەکانیان نەکوژرێت، گوتی: "ئیتر شەڕ ڕابگرن. لە هەموو جێگەیەک زیندانتان دروستکردووە، هەموو جێیەک بۆتە زیندان. تا کەی زیندان دروست دەکەن؟".

پاشان بەشداربووان بۆ ماوەی ٥ خولەک چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و گۆشەگیری ئیمراڵیان شەرمەزارکرد.