شەڕی غەززە پێینایە چوارەم مانگەوە

شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەمڕۆ یەکشەممە پێینایە چوارەم مانگەوە و لەسەرلەبەیانی ئەمڕۆشدا ئیسرائیل بەردەوامبوو لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە.

دوای هێرشەکەی حەماس کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامیدا و بە هۆیەوە هەزار و ١٤٠ کەس کە زۆرینەیان مەدەنی بوون کوژران، ئیسرائیل بە بانگەشەی لەناوبردنی تەواوەتی حەماس و رزگارکردنی بارمتەکان دەستی بە بۆردومان و ئۆپراسیۆنی زەمینی کرد.

لە کاتی هێرشەکەی حەماسدا ٢٥٠ ئیسرائیلی بە بارمتە گیرابوون، کە ١٠٠ کەسیان لە کاتی ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی دووەمدا ئازادکرابوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە کەرتی غەززە کە لەژێر هێرشەکانی ئیسرائیلدایە ٢٢ هەزار و ٨٣٥ کەس کوژراون کە زۆرینەیان مەدەنین. ئەوەشخراوەتەڕوو، کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١١٣ کەس کوژراون.

وەک نەتەوەیەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانەکانەوە سەرجەم گەڕەکەکانی باکووری غەززە رووخاون لە سەدا ٨٥ی دانیشتوانی ناوچەکە ناچاربوون ماڵوحاڵیان جێبهێڵن و ئاوارە بوون، هەربۆیە تادێت قەیرانی مرۆیی دژوارتر دەبێت.

شایەتحاڵان باس لەوەدەکەن کە سەرلەبەیانی یەکشەممە شاری خان یونسی باشووری غەززە بۆردومان کراوە. راگەیەندرا کە لە سەر زەویش شەڕ و پێدادان هاتووەتە ئاراوە. بە گوێرەی ئاژانسی فەرمی فەلەستین (وەفا) ژمارەیەکی زۆر لە ئەنجامی بۆردومان و شەڕ کوژراون و چەندین کەسیش برینداربوون.

لە کەرتی خۆرئاواش کە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە لە ژێر داگیرکەری ئیسرائیلدایە، وەک دەسەڵاتداری فەلەستینی بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەرماڵان لە جنین ٦ فەلەستینی ژیانیان لەدەستداوە. هاوکات پۆلیسیش رایگەیاندووە، کە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لەو ناوچەیە ئەفسەرێکی ئیسرائیلی کوژراوە.

بەپێی بانگەشەی ئیسرائیل، باڵی سەربازی حەماس لە باکووری غەززە بە تەواوەتی پاکتاو کراوە

رۆژی شەممە سوپای ئیسرائیل کە لە ٢٧ی تشرینی یەکەمەوە لە سەر خاکی فەلەستین دەستی بە هێرشی زەمینی کردووە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە 'باڵی سەربازی حەماس لە باکووری غەززە بەتەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە و لەناوبراوە'.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دانیەل هاگاری وتی، "ئێستا سەرنجمان لەسەر ناوەڕاست و باشوورە" و ئەوەشی خستەڕوو کە چەکدارانی حەماس لە باکوور بە شێوەیەکی پرش و بڵاو و بێ سەرکردایەتی هێشتا لە جموجۆڵدان.

هـ . ب