شەڕی غەززە: ئیسرائیل دەیەوێت خان یونس چوڵبکرێت

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل فەرمانی کردووە ناوچەیەک کە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی شارۆچکەی خان یونس دەگرێتەوە، چوڵبکرێت.

جێی ئاماژەیە زۆرێک لە فەلەستینیەکان کە بەهۆی شەڕی غەززە ئاوارە بوون، لە خان یونس نیشتەجێن.

 بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆچا، سوپای ئیسرائیل فەرمانی کردووە دەستبەجێ ناوچەیەک کە نزیکەی لە سەدا 20ی شارۆچکەی خان یونس لەخۆ دەگرێت چوڵبکرێت.

بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا ١٤١ هەزار فەلەستینی لەم ناوچەیەدا دەژین.

شەڕی تونێلەکان

دوای هێرشی ئاسمانی و زەمینی، شەڕی ژێر زەمینیش دەستی پێکردووە.

سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تۆڕێکی تونێلیان لە غەززە دۆزیوەتەوە کە لەلایەن "سەرکردە باڵاکان"ی بزووتنەوەی حەماسەوە بەکار دەهێنرا.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەم تۆڕە تونێلە فەرمانگە و نووسینگەی سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای ئاگربەستەکەی ڕەتکردەوە.

 نزیکەی ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حەماس، تا ئێستا ٢٠ هەزار کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گیانیان لەدەستداوە کە لانیکەم هەشت هەزار کەسیان منداڵ و شەش هەزار کەسیان ژن بوون. هەروەها ٥٢ هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوون.

١١٥ سەربازی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە

لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ١١٥ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.