وەزیری دەرەوەی میسڕ سەردانی تورکیا دەکات

بەوتەی سەرچاوەیەک دوای نزیکەی ١٠ ساڵ لە گرژی نێوانیان، بڕیارە بەم نزیکانە وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری سەردانی تورکیا بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری تورکی بە ئاژانسی فورات نیوزی ڕاگەیاند، بەم نزیکانە وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری دەگاتە تورکیا، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی سەردانەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسایەی ئەو نزیکبوونەوەیەی لە پەیوەندییەکانی نێوان «قاهیرە» و «ئەنقەرە» دەبینرێت، پاش دەیەیەک لە گرژی و ئاڵۆزی.

بەگوێرەی سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوە، ئامادەسازییە بۆ کۆبوونەوەی نێوان عەبدولفەتاح سیسی و هاوتا تورکییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، دووپاتی کردەوە، ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە، مانای گەڕانەوەی پەیوەندییە فەرمییەکانی وڵاتەکە و ئاڵۆگۆڕی کۆنسوڵەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، هێشتا شوێنی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی میسڕ و تورکیا دەستنیشان نەکراوە، ئاخۆ ئەردۆگان دەچێتە قاهیرە، یان سیسی ڕوودەکاتە «ئەنقەرە»، ڕەنگە ئەمە لە سەردانە نزیکەکەی وەزیری دەرەوەی میسڕدا یەکلابکرێتەوە.

سەردانەکە پاش هەڵبژاردنەکان دەبێت

لەم چوارچێوەیەدا، دکتۆر ئەیمەن سەمیر، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ئاژانسی فورات نیوزی ڕاگەیاند، پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە مانگی ئایندە، نە سیسی سەردانی تورکیا دەکات، نە ئەردۆگان دەچێتە میسڕ.

سەمیر ڕوونی دەکاتەوە، ئێستە نزیک دەبینەوە لە جەژنی قوربان، پاش جەژن ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، بۆیە تەنها سەردانی وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکری بۆ ئەنقەرە ڕێی تێ دەچێت وەک وەڵامی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە مەولود چاوشۆغلۆ بۆ قاهیرە.

سەمیر جەختی کردەوە، بەهۆی دۆخی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی «لوتکە» لەنێوان هەردوو سەرۆک ئەستەمە، ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی هەبوونی هاوپەیمانییەکی ئۆپۆزیسیۆنی گەورەوە کێبڕکێیەکی سەخت بەخۆوە دەبینێت، هەروەها گوتی: «بەڵێ کۆبوونەوەی لوتکە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەبڕوای من، دەکەوێتە پاش هەڵبژاردن».

سەردانی شوکری بۆ تورکیا، ڕاگەیاندنی ڕووداوێکی مەزنە

بەبڕوای سەمیر، سەردانی وەزیری دەرەوەی میسڕ بۆ ئەنقەرە ڕاگەیاندنی هەنگاوێکی گەورەیە لەم بارەیەوە، واتە ڕەنگە مانای گەڕانەوەی کۆنسوڵەکان بێت لە هەردوو وڵات، یان ڕێکخستنی سنوورە ئاوییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بێت، یاخود هەندێک ڕێکاری پەیوەست بە دۆخی لیبیا و پرسی ئەندامانی ئیخوان موسلمین لە تورکیا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشۆغلۆ مانگی پێشوو سەردانی میسڕی کرد وەک یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش ١١ ساڵ، پاش دابڕانی دیبلۆماسی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٣ ـەوە، بەهۆی پاڵپشتی تورکیا بۆ گرووپی ئیخوان موسلمین لە میسڕ کە وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکرێن.

هەنگاوەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و میسڕ

ساڵی ٢٠١١ یەکەمین کۆبوونەوەی ئاشکرا میسڕ_تورکیا بەڕێوەچوو، هەردوو وڵات بۆچوونیان ئاڵوگۆڕ کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، پاش ئەوەی بە چەند هۆکارێک گرژی تێکەوت، لەپاڵ هەڵوێستی تورکیا پەیوەست بە ئیخوان موسلمینی میسڕ، ناکۆکییەک هاتە ئارا پەیوەست بە سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ دەستوەردانی تورکیا لە لیبیا و داگیرکردنی باکووری سووریا و پاڵپشتی ئەنقەرە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان و هێنانی چەتەکان بۆ ناوچەکە.

کۆبوونەوەکانی ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون لە نێوان دوو وڵاتەکە لەماوەی پێشوو درێژەی کێشا، بەڵام گۆڕانە گەورەکە بەرئەنجامی چاوپێکەوتنێکی کورتخایەنی هەردوو سەرۆکی میسڕ و تورکیا بوو لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کردنەوەی پاڵەوانێتی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە قەتەر.

دوێنێ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا باسی لە نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کرد لەپێناو ئاڵوگۆڕی کۆنسوڵەکانی نێوانیان. ڕاگەیاندنی هەوڵە، هەنگاوێک دەبێت بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە، بەڵام هێشتاش چەند دۆسیەیەکی ناکۆک دەمێننەوە، وەک دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لیبیا و سووریا، بەهۆی جیاوازی ڕوانگەی هەردوو وڵاتەوە لەمەڕ ئەم پرسانە.

هـ . ب