ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی غەززە کوژراون لە ٣٥ هەزار کەس نزیکبووەتەوە

وەزارەتی تەندروستی حەماس رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تائێستا ٣٤ هەزار و ٩٠٤ کەس لە غەزە کوژراون.

بە گوێرە راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٦٠ کەس کوژراون. ئەوەشی راگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا ٣٤ هەزار و ٩٠٤ کەس کوژراون و ٧٨ هەزار و ٥١٤ کەسیش برینداربوون.

لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە هەزار و ٤٠٠ کەس کە زۆرینەیان مەدەنی بوون کوژران، تەلئەبیب دەستی بە هێرشی بەربڵاو بۆ سەر کەرتی غەززە کردووە.

ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەیەوێت حەماس لەناو ببات، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە غەززە باڵادەستە. سەرباری ناڕەزایەتیەکانیش ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی.

لەم نێوەدا دانوستانەکانی قاهیرە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمریکا لە رۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووەتەوە و هەوڵ دەدرێت ئاگربەست رابگەیەندرێت و بەر بە هێرشی سەر رەفەح بگیرێت. ئەلقاهیرە نیوز، کە نزیکە لە هەواڵگری میسرەوە بڵاوکردەوە کە هەردوولا لە سەر هەندێک خاڵ گەیشتوونە رێککوتن.

هـ. ب