پوتین: ڕێگە نادەین کەس هەڕەشەمان لێبکات!

ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکیدا لە جەژنی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر هیتلەردا، جەختی لەوە کردەوە کە هێزی هەستەیی ستراتیژیی ڕووسیا "هەمیشە ئامادەی شەڕن.

سەرۆکی ڕووسیا سەرپەرشتی نمایشی سەربازیی ٩ی ئایار کرد لە گۆڕەپانی سوور، کە ناوەندی وتاردانی کرێملینە لە ستایشی هێزی وڵاتەکەی.

بەگوێرەی میدیاکانی ڕووسیا، لەم نمایشەدا زیاتر لە نۆ هەزار سەرباز و زرێپۆش و موشەک هەڵگر و فڕۆکە بەشدارییان کرد.

هێزی هەستەیی ستراتیژی

پوتین وتی: "ڕووسیا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی شەڕێکی جیهانی ڕوونەدات. بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگە نادەین کەس هەڕەشەمان لێبکات. ئاماژەی بەوەشکرد"هێزی هەستەیی ستراتیژیمان هەمیشە لە ئامادەباشییەکی بەرزدان".

وەک نیشانەی ناکۆکی قووڵی لەگەڵ ڕۆژئاوا و لە کاردانەوە بە 'هەڕەشەکانی، ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا' ڤلادیمیر پوتین لەم دواییانەدا فەرمانی مەشقی چەکی هەستەیی تاکتیکی بە ئامادە بوونی هێزەکانی لە نزیک ئۆکرانیا دا.

لە نمایشەکەدا ڤلادیمیر پوتین ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت "وانەکانی" شەڕی جیهانی دووەم لە بیر بکات و ئاماژەی بەوەدا کە مۆسکۆ کە خۆی دژی کاریگەری ئەنگلۆساکسۆن دەبینێت، "ئیدیعای باج"ی هەر حکومەتێک یان هاوپەیمانییەک قبووڵ ناکات.

ڕۆژە سەختەکانی ڕووسیا

پاشان پوتین وەک لە وتارەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، دووپاتیکردەوە کە ڕووسیا بە "قۆناغێکی سەخت"دا تێدەپەڕێت لە نێوان شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا و وتی: "چارەنووس و داهاتووی وڵاتی دایکمان پەیوەستە بە هەر تاکێکمانەوە" سڵاوی لە"قارەمانانی" هێڵی پێشەوە شەڕ کرد.

ڤلادیمیر پوتین هێرشەکەی سەر کیێڤ بە شەڕێکی وجودی وەسف کرد و بەڵێنی "سەرکەوتن"ی بە هاووڵاتیانی لە هەموو دەرفەتێکدا لە شەڕی دژی حکومەتی ئۆکرانیا کە بە "نیو نازی" ناوی دەبات.

پوتین لە مێژە یادەوەری شەڕی جیهانی دووەم بە بیر دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی وەک میراتگری هێزی یەکێتی سۆڤیەت نیشان بدات.